English | عربي

یەکێتی دەست لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان وەردەدات


یەکێتی دەست لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان وەردەدات

2019/09/11 | 16:20

(هەواڵ كوردستان)- دلاوەری حاجی عوسمان: هیچ حزبێک ناتوانێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی گۆڕاندا بکات

لە هەفتەی رابردووەوە، دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ خانەى راپەڕاندن و رێکخەرى گشتیى گۆڕان کراوەتەوە، کە وا بڕیارە 14ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.

چاودێرێکی سیاسییش پێی وایە، یەکێتی ئەگەر بۆی بکرێت، بە قازانجی خۆی دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا دەکات.

هەڵسوڕاوێکی گۆڕانیش جەخت دەکاتەوە، گۆڕان حزبێکی سەربەخۆیە و یەکێتی و هیچ حزبێکی دیکە ناتوانن دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیدا بکەن.


چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ژوورى هەڵبژاردنى بزووتنەوەى گۆڕان، دەرگای خۆپاڵاوتنى بۆ كاندیدانی ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی و جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كردەوە، کە وا بڕیارە پرۆسەکە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام بێت و دوای داخستنی دەرگای خۆكاندیدكردن، لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدەكان دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنەکە، بە فەرمی ئاشكرا بكرێن.


پێشتر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا، لەلایەن میدیاکاران و چاودێرانی سیاسییەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان تۆمەتبار دەکرا، بەو پێیەی، کە گۆڕان لە یەکێتی جیا بووەتەوە و زۆر لە سەرکردەکانی گۆڕان پێشتر یەکێتی بوون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسییان لەگەڵ یەکێتیدا ماوە.

بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، چاودێران پێیان وایە، یەکێتی لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی توانای دەستوەردانی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا نەماوە.

یەکەمیان، خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان و جیابوونەوەی ئەو باڵ و گرووپانەی لە هەژموونی یەکێتییەوە نزیک بوون.

دووەمیان، دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ململانێکانی، بەهۆی کۆنگرەی حزبیی خۆیەوە، کە وا بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، وای کردووە یەکێتی لەم قۆناغەدا زیاتر سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی بێت و نەیپرژێتە سەر لایەنەکانی دیکەی سلێمانی.

لەمبارەیەوە، جەمال عەبدوڵا، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، مومکین نییە یەکێتی هەوڵ نەدات دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا نەکات، گوتیشی: “لەبەرئەوەی یەکێتی و گۆڕان لە یەک شاردان و شارەکە بە ناوچە و پێگەی خۆیان دەزانن، لەبەرئەوە بەردەوام هەوڵی لەیەکتری خواردن دەدەن، چ لە کاتی بەستنی کۆنگرەکانیان بێت، یان لە کاتی ئاساییدا، کە هەوڵ دەدەن کادیر و بنکەی جەماوەری لە یەکتری ببەن”.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوە لای یەکێتی زۆر زیاترە، بە حوکمی ئەوەی خۆی بە هێزی دایک دەزانێ، گۆڕانیش هەوڵ دەدات یەکێتی لە سنوورێکدا بوەستێنێت، یان لاوازتری بکات، جەمال گوتی: “ئەگەر پێمان وابێت یەکێتی تەنیا تەماشاکەری ئەو هەڵبژاردنەی گۆڕان بێت، ئەوە هەڵەیە، چونکە یەکێتی هەموو سەرکردەکانی گۆڕان دەناسێت و پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەیە، ئەگەر بەناوی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشەوە بێت، جگە لەوە یەکێتی لە رووی دارایی زۆر بەهێزترە لە گۆڕان، لەبەرئەوە هەوڵ دەدات لە هەر رێگەیەکەوە بێت بە قازانجی خۆی دەستوەردان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا بکات، بەڵام تا چەند سەرکەوتوو دەبێت، ئەوە بابەتێکی دیکەیە”.

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: “لەبەر هۆکارێکی سەرەکی، یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەگەری زۆرە لەو هەوڵەی سەرکەوتوو نەبێت کە بتوانێ کاریگەریی گەورە بخاتە سەر هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، لەبەرئەوەی گۆڕان خۆی لەم قۆناغەدا ساف کردووە و ئەوانەی ئێستا ماونەتەوە، بە رێژەی 95%ی کەسانی یەکگرتوون، هەر بەو هۆیەشە گۆڕان بڕیاری هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی داوە و دڵنیایە لەوەی کە کێشەیەکی ئەوتۆی بۆ دروست نابێت، چونکە ئەوانەی دوور کەوتوونەتەوە، خەڵکانێک بوون لەژێر هەژموونی یەکێتیدا بوون، یان رای جیاواز لە سەرکردایەتیی ئێستای گۆڕان، یان دەنگی جیاواز بوون، دوورکەوتنەوەی ئەوانە گۆڕانی پاک کردووەتەوە لەو کەناڵانەی کە یەکێتی بتوانێ لێیەوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانیدا بکات”.

بەڵام، دلاوەری حاجی عوسمان، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ (باس) رەتی کردەوە، گۆڕان هیچ کاتێک دەرفەتی دابێت بە یەکێتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانیدا بکات، گوتی: ”ئەوەی دەیبیستم لەمبارەیەوە بابەتێکی نوێیە، گۆڕان پارتێکی تەواو سەربەخۆیە و بۆ یەکێتی و هیچ حزبێکی دیکەش نییە بتوانێ دەست بخاتە ناو بڕیارە سیاسی و هەڵبژاردنەکانیەوە”.

لای خۆشیانەوە، لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، کە وا بڕیارە شەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بۆ (باس) رای گەیاند، سەرەتای پڕۆسەکە وایە کە لە رۆژى (12/9/2019) هەڵبژاردنى دەستەى نوێى سەرۆکایەتیى جڤاتی گشتی لەناو خودى جڤاتەکەدا هەڵدەبژێردرێت و سەرۆکى جڤاتى گشتى دوای ئەوە دەبێتە ئەندامى خانەى راپەڕاندن، گوتی: “بەپێی ئەو رێنماییانە، کە لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا پەسەند كراون، رۆژی (14/9/2019) ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی هەڵدەبژێردرێن، کە بەپێی دەستووری بزووتنەوەى گۆڕان، ئەندامانی هەردوو و جڤاتی نیشتمانی و گشتی و كەسایەتییە دیارەكانی بزووتنەوەكە، دەتوانن خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید بكەن”.

گوتیشی: “سەبارەت بە کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەکە، کە دەتوانێ خۆی کاندید بکات، ئەوە لە ژووری یاسایی گۆڕاندا بڕیار لە وەرگرتنی ئەو کەسانە وەکوو کاندید دەدرێت، کەسایەتییەکانیش دیارن، کە پێشتر ئەندامی جڤات بوون، یان پەلەمانتار و کەسانی ناسراوی بزووتنەوەکەن”.

جێی باسە، دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رۆژی (25)ی تەمووزی ساڵی (2017)، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن کۆبووەوە، تیایدا عومەر سەید عەلی، وەکوو رێکخەری گشتیی گۆڕان و ئەندامانی دیکەی خانەی راپەڕاندنیش لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە هەڵبژێردران.
ئەمساڵ 2019، لە یادی (10) ساڵەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جڤاتی گشتیی گۆڕان پێشنیازی کرد، لە ماوەیەکدا کە لە (1/11/2019) تێپەڕ نەکات، هەڵبژاردن بۆ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بکرێت.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending