English | عربي

حاجییان لە بازاڕەکانی کوردستان دیاریی حەج دەکڕن


حاجییان لە بازاڕەکانی کوردستان دیاریی حەج دەکڕن

2019/09/11 | 17:25

(هەواڵ كوردستان)- یەک ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌

ساڵانه‌ به‌ر له‌ جه‌ژنی قوربان، به‌شێك له‌ موسڵمانانی جیهان بۆ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج روو له‌ خاكی سعوودیه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ خۆشیاندا دیاریی وه‌ك ته‌سبێح، له‌یستۆك، ئاوی زمزم، خورما، سیواك، په‌چه‌، به‌رماڵ و كه‌لوپه‌لی دیكه‌ دێنن، ته‌نیا ئاوی زمزم، خورما و سیواكه‌كه‌، به‌رهه‌می سعوودیه‌یه‌، ئه‌وی دیكه‌ له‌ چین، هیند، پاكستان، مالیزیا و توركیا دروست ده‌كرێت، بۆیه‌ به‌شێكی حاجییه‌كان، له‌ كوردستان ئه‌و دیارییانه‌ ده‌كڕن، به‌و هۆیه‌وه‌ش، به‌ قسه‌ی بارزگانێكی دیارییه‌كانی حه‌ج و عه‌مڕه‌، ئه‌مساڵ "100 ده‌فته‌ر دۆلار بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

ئه‌مین عوسمان، خاوه‌نی یه‌كێک له‌و بازاڕانه‌یه‌، كه‌ تایبه‌تن بۆ فرۆشتنی پێداویستییه‌كانی حه‌ج و عه‌مره‌ له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ (باس)ی راگه‌یاند، كه‌ ئه‌و دیارییانه‌ی حاجییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌یهێننه‌وه‌، ته‌نیا خورما و ئاوی زمزمه‌كه‌ به‌رهه‌می سعوودیه‌یه‌، ئه‌وی دیكه‌، هه‌مووی له‌لایه‌ن چین، هیند، پاكستان و مالیزیاوه‌ دروست ده‌كرێت، "سعوودیه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند بۆنێك بۆ خۆی دروست بكات، ته‌نانه‌ن جله‌كانیشیان له‌ چین دروست ده‌كرێت، ته‌سبێح و له‌عابه‌كانیش چینی، مالیزی و پاكستانین".

ئه‌و دوكانداره‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كاره‌كه‌ی ئه‌وان، یه‌كه‌م مه‌به‌ستیان هاوكاریی حاجییه‌كانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاتی خۆیان به‌ كه‌لوپه‌ل كڕین به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن، دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌ له‌ 35 كیلۆ زیاتر هه‌ڵناگرێ، بۆیه‌ حاجییه‌كان ده‌بێ كرێی زیاتر بده‌ن، بۆیه‌ حاجییه‌كان دیارییه‌كانیان به‌ نرخێكی گران له‌سه‌ر ده‌وه‌ستێت، سێیه‌م هۆكاریش ئه‌وه‌یه كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ سه‌رمایه‌كه‌ بۆ خودی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاره‌كه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ نه‌ڕوات، ده‌شڵێت: "گشت بابه‌ته‌كانی دیاریمان هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌كییه‌كان ئاوی زمزم و سیواكه‌، خورما و بۆنه‌، نزیكه‌ی 200 بابه‌تی دیكه‌مان بۆ دیاری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر حاجی و عه‌مڕه‌كاره‌كان له‌ سعوودیه‌ بیكڕن، زۆر گرانتر راده‌وه‌ستێت و سه‌رباری فێڵ لێكردنیان، چونكه‌ له‌ سعوودیه‌ نرخ دیار نییه‌، مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ی فێڵت لێ ده‌كرێت".

ئه‌مینی بارزگان، نایشارێته‌وه‌، چه‌ند ساڵی رابردوو بازاڕیان باشتر بوو، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی قه‌یرانه‌وه‌، ئێستا خه‌ڵك كه‌متر دیاری ده‌كڕێت، له‌ وه‌رزی حه‌جیش رۆژانه‌ نزیكه‌ی ده‌یان كه‌س بۆ كڕینی دیاری سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بووه‌، هاوكات ده‌ڵێت: "كه‌لوپه‌كه‌كانیش هیچ جیاوازیان نییه‌، هه‌ر هه‌مووی له‌ وڵاتانی دیكه‌ دروست ده‌كرێن، نه‌ك له‌ سعوودیه‌، ته‌نیا خورمایه‌كه‌ تۆزێك له‌ كوردستان گرانتره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش لێره‌ بكڕن فێڵیان لێ ناكرێت".

عه‌بدولسه‌مه‌د عوسمان، ئه‌ویش بازرگانێكی دیكه‌ی كه‌لوپه‌ل و دیارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ حه‌ج و عه‌مره‌یه‌، نزیكه‌ی 15 ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات، نزیكه‌ی چوار لقیان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ زیاتر لە 200 بابه‌تی دیاریی تایبه‌ت به‌ حاجییان و عه‌مره‌كاران هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییانی كوردستان، له‌ كاتی حه‌ج و عه‌مره‌دا دیارییه‌كانیان له‌ كوردستان بكڕن، قازانجیان زیاتره‌، به‌ڵام به‌ قسه‌ی خۆی، خه‌ڵكه‌كه‌ گله‌یی له‌ زۆری و كوالێتیی بابه‌ته‌كان هه‌یه‌، ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر حاجییه‌كان لێره‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان بكڕن زۆر قازانجیان زیاتره‌، نرخیان هه‌رزانتره‌، كرێی فڕۆكه‌یان نایه‌ته‌ سه‌ر، كاتیشیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، زیاتر 90%ی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئێمه‌ رازین، ده‌ستخۆشیمان لێ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن ئه‌و كێشه‌یه‌تان له‌كۆڵ ئێمه‌ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ش راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ دوودڵ نه‌بێت له‌ دیارییه‌كان، بڵێت فێڵ له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌م و به‌ناوی حه‌جه‌وه‌ هێناومه‌، چونكه‌ كه‌لوپه‌له‌كان زیاتر له‌ 90% له‌ چین دروست ده‌كرێن، قه‌سپه‌كه‌ و ئاوی زمزم نه‌بێت، بۆیه‌ هه‌ر یه‌كه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ تێ ده‌گات، كه‌ ئه‌و دیارییه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كه‌عبه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو بازاڕه‌ و بۆ خۆی ده‌یكڕێ، ته‌نیا خورما عه‌جووه‌كه‌ له‌وێ هه‌یه‌، له‌عابه‌ له‌وێ نییه‌".

عه‌بدولسه‌مه‌دیش هاوشێوه‌ی بارزگانه‌كه‌ی دیكه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ر له‌ قه‌یرانه‌كه‌ داهاتیان خه‌یاڵی بووه‌ و بازاڕیان زۆر باش بووه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ گشتی بازاڕیان لاواز بووه‌ و به‌ چارێگی پێشتر نافرۆشن، ئه‌وه‌ی پێشتر به‌ بڕی 10 هه‌زار دۆلار دیاری له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سه‌وه‌ كڕاوه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ 200 دۆلار زیاتر نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت: "هاووڵاتییان قازانجیانه‌ لێره‌ دیارییه‌كان بكڕن، ئه‌وه‌ی له‌وێ هه‌رزانتر بێت، ئه‌وا خۆمان پێیان راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ له‌وێ بیكڕن، وه‌ك خورما عه‌جووه‌كه‌، له‌وێ هه‌رزانتره‌ و خۆمان پێیان ده‌ڵێین، زۆر جار ده‌پرسن بۆ، ده‌ڵێین له‌وێ هه‌رزانتره‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كانی دیكه‌، نرخی كۆیان بۆ حسێب ده‌كه‌ین، به‌گوێره‌ی كوالێتییه‌كه‌ی".

ئه‌و بارزگانه‌ نایشارێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كاره‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌، داهاتی ناوخۆ نه‌ڕۆیشتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ هه‌موو لقه‌كانیان داهاتیان نزیكه‌ی 20 ده‌فته‌ر (200 هه‌زار دۆلار) بووه: "به‌ كۆی گشتی له‌ گشت لقه‌كان، كه‌ له‌ سلێمانی دوو لق هه‌یه‌، له‌ زاخۆ، دهۆك، به‌رده‌ڕه‌ش و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌، ئه‌و شوێنانه‌ی دیاریی حه‌ج و عه‌مره‌ ده‌فرۆشن، له‌و وه‌رزه‌ی حه‌جدا، داهاته‌كه‌ زیاتر له‌ 100 ده‌فته‌ر (یەک ملیۆن دۆلار) بووه‌، به‌گوێره‌ی شاره‌زاییم له‌و ئیشه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانم، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، ته‌نیا ئێمه‌ نزیكه‌ی پێنج شاگردمان هه‌یه‌، نزیكه‌ی 50 تا 60 شاگردی كورد، سوود له‌و كه‌سابه‌ته‌ ده‌بینێ و داهاتی خێزانه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌یه‌، بۆیه‌ كڕینی كه‌لوپه‌كه‌كان، هه‌م سوودی بۆ حاجییه‌كان و هه‌میش بۆ كه‌سانی ناوخۆ هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ 100 خێزان بژێویان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ بێ".

مه‌لا كۆسره‌ت محه‌مه‌د، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگه‌وتی خێرخوازان له‌ شاری رواندز، بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ کڕینی دیاری له‌لایه‌ن حاجیان و عه‌مڕه‌كارانه‌وه‌، ئه‌ركێكی شه‌رعی نییه‌، به‌ڵكوو عاده‌تییه‌ و "عاده‌تێكی خراپیشە"، ده‌شڵێت: "كڕینی ئه‌و دیارییانه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێت حەرام نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دیاری بەخشین كارێكی پیرۆزه‌، به‌ڵام واجب نییە بیکه‌یت، لێره‌ش نه‌یكڕی و له‌وێش نه‌یكڕی، هه‌ر ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ عاده‌تی و ته‌قلیده‌".

ئه‌و مه‌لایه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و دیارییانه‌ بكڕێت، ئاساییه‌ و "به‌ڵكوو باشتریشه‌، داهاته‌كه‌ بۆ ناوخۆیه‌ و له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین كه‌سی هه‌ژار لێی سوودمه‌ند بێت".

نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، له‌باره‌ی ژماره‌ی حاجییانی ئه‌مساڵی كوردستان، به‌ (باس)ی راگه‌یاند، كه‌ ئه‌مساڵ بۆ هه‌ر حاجییه‌ك 4 هه‌زار و 200 دۆلار وه‌رگیراوه‌، له‌به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌ی زیاتر له‌ 35 رۆژ له‌ شاره‌كانی مه‌كه‌ و مه‌دینه‌، هۆتێل، خواردن و خواردنه‌وه‌ و دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی، ئه‌مساڵیش 7 هه‌زار و 132 حاجیی کوردستان فه‌ریزه‌ی حه‌جیان به‌جێهێناوه‌، ده‌ڵێت: "802 حاجی به‌ رێگه‌ی بازرگانی چوونه‌، به‌ بڕی شەش هەزار و سێسەد دۆلار، ئه‌وی دیكه‌ به‌ 4 هه‌زار و 200 دۆلار، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وه‌ری گرتووه‌".

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending