English | عربي

بەرپرسێکی حکوومەت: ئەمساڵ 700 یەکەی نیشتەجێ بەسەر کرێچی و کەمدەرامەتاندا دابەش دەکرێن


بەرپرسێکی حکوومەت: ئەمساڵ 700 یەکەی نیشتەجێ بەسەر کرێچی و کەمدەرامەتاندا دابەش دەکرێن

2019/09/11 | 17:25

(هەواڵ كوردستان)-  

ئاگرین عه‌بدوڵا، بریکاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا قسە لەبارەی پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ نیشتەجێبوون دەکات.

هەروەها ئاشکرای دەکات لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبووندا 5 هەزاریان بەتەواوی وەستاون و 4 هەزارەکەی تریش یان دابەش کراون، یان لە واری جێبەجێکردندان.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، پڕۆسەی دروستکردنی زیاتر لە 700 یەکەی نیشتەجێوون بۆ کرێچیاین و فەرمانبەران تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی گەیاندنی پرۆژەکانی ئاو، کارەبا، شەقام و ئاوەڕۆدان، گوتی: "396 یەکەی نیشتەجێوون لە سنووری بنەسڵاوە، 144 یەکەی نیشتەجێبوون لە سۆران، 72 یەکە لە هەڵەبجە،84 یەکەش لە قەڵادزێیە، هەندێکیش لە گەرمیان دەبن".

لە ساڵی 2012 دەست کراوە بە دروستکردنی ئەو شوقانە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش نەتواندرا خزمەتگوزرییان بۆ دابین بکرێت.

روونیشی کردەوە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، یەکەکان بەسەر هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و فەرمانبەران دابەش دەکرێن و ئەوکات ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدا، بەسەر کام توێژ دابەش بکرێن، گوتیشی: “ئەو شوقانە بە ناوی خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار دروست کراون، نیوەی بۆ فەرمانبەران و نیوەکەی تریش بۆ کرێچییان، دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەکان، حکوومەت بڕیاری خۆی دەدا".

دووپاتیشی کردەوە، هەوڵی زۆر دەدەن ئەمساڵ ئەو 700 یەکەیەی نیشتەجێبوون ئامادە بکرێت و بە کەڵکی دابەشکردن بێن.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011 یاسای ژمارە 7ی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێکردنی بۆ کەمدەرامەتان دەرکرد، بڕیار بوو ساڵانە بڕی 250 ملیار دینار بۆ دروستکردنی 5 هەزار یەکە تەرخان بکرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەکرا.

ئەو گوتیشی: "بەپێی یاسا و رێنماییەکان، ئەو یەکانە ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە، کە هاوسەردارن و دەرامەتیان سنووردارە، هەموو هاووڵاتییەک دەگرێتەوە، بە مەرجێک دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت و لە پێشینەی خانووبەرە سوودمەند نەبووبێت و هیچ یەکەیەکی نیشتەجێی بەناوەوە نەبێت و لە هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنانیشدا سوودمەند نەبووبێت، ئەو هاووڵاتییانەی سوودمەند دەبن، یەکەکانیان بەبێ پێشەکی و بەبێ وەرگرتنی هیچ زیادەیەک پێ دەدرێت، حکوومەتیش قەرزەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ وەردەگرێتەوە، رێگەش نادریت بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەو یەکانە بفرۆشرێنەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو، 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان لە جێبەجێکردندان و هەندێک لەوانە بەهۆی قەیران وەستاون و هەندێکی تریش کارکردن تیایاندا دەستی پێ کردووەتەوە، گوتیشی: "کارکردن لە 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هۆی قەیرانی دارایی بەتەواوی وەستاوە، 4 هەزارەکەی تریش هەندێکی دابەش کراوە و هەندێکیشی خزمەتگوزارییان ماوە، ئەوانی تریش لە جێبەجێکردندان، ئومێدمان ئەوەیە لەم چوار ساڵەدا تەواو بکرێن، ئەوەش پێویستی بە 200 ملیۆن دۆلارە".

ئاگرین ئاماژەی بەوەش دا، ئەمساڵ کار لە هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە ناوچەی سیتەک و زڕگوێز دەستی پێ دەکرێتەوە، گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەکرێن، پارێزگای سلێمانی 3 هه‌زار ‌و 288 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوونی بۆ دانراوە، لەو ژمارەیەدا 612یان ته‌واو کراون، هه‌ولێر هه‌زار‌ و 776 یه‌که‌ و لە دهۆک 2 هه‌زار و 440 یه‌که‌ له‌ دروستکردندان".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئاماری کرێچییانی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و گوتی: "بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 112 هه‌زار کرێچی هه‌یە، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێ له‌و ژماره‌یه‌ چه‌ندیان که‌مده‌رامه‌تن.

لەو کرێچییانە هه‌یانه‌ به ‌ئاره‌زووی خۆیان چوونه‌ته‌ خانووی کرێ.

سه‌باره‌ت به ‌چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کرێچییانیش، ئه‌و شوقانه‌ی ته‌واو ده‌بن له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ک بێت، نیوه‌ی پرۆژه‌که‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌بن و نیوه‌که‌ی تریشی بۆ خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت ته‌رخان دەکرێن".

سەبارت بە پلانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی که‌رتی نیشته‌جێبوونی حکوومی، گوتی: "پلانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌به‌رده‌ستماندان، کە به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ته‌واو نه‌کران، ته‌واو بکرێن، هه‌روه‌ها دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک رێگاوبان‌ و ئاو‌ و کاره‌با و دواتر دابه‌شکردنیان به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا، پاشان ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک رێنماییمان ده‌رکردووه‌، که‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک له‌مه‌ودوا ئه‌نجام بدرێت، دیزانیه‌که‌ی زۆر پێشکه‌وتوو بێت و نابێ که‌موکوڕیی تێدا بکرێت و هه‌ر که‌موکوڕییه‌کیش هه‌بێ، ده‌بێ زوو چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک که‌ ده‌کرێت، ده‌بێ پێشتر ره‌چاوی ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ له‌گه‌ڵ که‌شوهه‌وای زۆر گه‌رم یان زۆر سارد بگونجێ‌ و به‌رگه‌ی رووداوه‌کانی بوومه‌له‌رزه‌ش بگرێت".

جەختیشی کردەوە: "دروستکردنی خانوو له‌ گونده‌کان کارێکی زۆر باشی حکوومه‌ت بوو، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکیش به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ئه‌و کاره‌ وه‌ستێندرا، ئێستاش ئەگه‌ر قه‌یران نه‌مێنێ، جارێکی تر حکوومه‌ت ده‌ستی پێ ده‌کاته‌وه‌".

ئاگرین عەبدوڵا، بواری نیشتەجێبوون بۆ خەڵک جیا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو یەکانەی نیشتەجێوون لە رێگەی وەبەرهێنان کراون، 14 بەرامبەری ئەو یەکانەیە کە لە لایەن حکوومەتەوە کراون، لە کابینەی نوێدا داوای ئەوەمان کردووە، لەمەودوا ئەو نیشتەجێبوونەی لە رێگەی وەبەرهێنان دەکرێت، لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتماندا بێت، لە ساڵی (2006 بۆ 2016) 140 هەزار یەکەی نیشتەجێوون لە ماوەی 10 ساڵ جێبەجێ کراوە، لەکاتێکدا حکوومەت تەنیا 8 هەزار یەکەی نیشتەجێیبوونی جێبەجێ کردووە".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending