English | عربي

21%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کرێنشینن


21%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کرێنشینن

2019/09/11 | 17:25

(هەواڵ كوردستان)- کۆمەڵەی کرێنشینان: زۆر جار كۆمپانیاكان بە ناوی دروستكردنی خانوو و شوقە بۆ كرێچییان فێڵیان لە كرێنشینان كردووە

کۆمەڵەی کرێنشینان پێی وایە، زیاتر لە 150 هەزار کرێچی هەیە.

دەستەی ئاماریش ئاشکرای دەکات، لەسەر ئاستی هه‌رێمی کوردستان له‌ 21%ی دانیشتووان کرێچین.

لەگەڵ ئەوەی نزیکەی 150 هەزار پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە چەند ساڵی رابردوودا هەبووە و حکوومەتیش بە سەدان هەزار پارچە زەویی دابەش کردووە، بەڵام نەتواندراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

بەپێی ئەو ئامارەی له‌ ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی کوردستان بە (باس) دراوە، 21%ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کرێچین.

بەپێی ئه‌نجامی ڕووپێوی مه‌زنده‌ی کرێچی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ ساڵی 2012 تا 2018 دا ده‌رکه‌وتووه یەک ملیۆن و 448 هەزار خانوو لە کوردستان هەیە و لە و رێژەیەدا زیاتر لە 195 هەزار خانوو بۆ کرێ بەکار هاتووە، بەمەش رێژەی کرێچی دەکاتە 21%.

هەژار یاسین، کە چەند ساڵە کرێچییە، بە هەناسەیەکی ساردەوە گوتی: "ئەو داهاتەی دەستم دەکەوێت، بەشی خەرجی و کرێی مانگانە ناکات، بۆیە ئەگەر حکوومەت زەوی یان شوقەمان بۆ دابین نەکات، زۆر زەحمەتە ببینە خاوەنی لانەی خۆمان".

ئەو پێی وایە، ئەگەر ئەو چەند ساڵە قەیران نەبوایە، هەم داهاتی باش دەبوو، هەمیش هەندێک لە شوقەکانی حکوومەت تەواو دەبوون و دەدران بە کرێچییان.

مه‌حمود ئیسماعیل، به‌رپرسی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی هه‌ولێر بە (باس)ی راگەیاند، بەردەوام رێژەی کرێچی لە زیادبووندایە و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونیش بۆ کرێچییان هەر لە دواکەوتنە، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان 90 هەزار کەس وەکوو کرێچی لە سەرتاسەری کوردستان لە کۆمەڵەی کرێنشینان تۆمار کراون، بەڵام زۆر خەڵکیش هەیە ناوی خۆی تۆمار نەکردووە، بۆیە بەپێی پێشبینیمان زیاتر لە 150 هەزار کرێنشین هەیە".

لێپرسراوی لقی هەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لە کرێنشینان پێی وایە، کەرتی تایبەت و حکوومەتیش وەکوو پێویست دەرگایان بۆ کرێچییەکان نەکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی خانووی خۆیان، گوتی: "ئەو پڕۆژانەی حکوومەت کردوویەتی لە ئاستی خواستەکانی ئێمەدا نیین و بۆشایی کرێنشینیی پڕ نەکردووەتەوە، ئەو پڕۆژانەیش کە کەرتی تایبەت کردوویەتی، بۆ خەڵکی پارەدار بووە نەک بۆ هەژاران.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی پلاندانان، ئەگەر ساڵانە ڕێژەی دانیشتووان لە 3% زیاد بکات، ئەوا هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 15 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت.

بە گوتەی مەحمود ئیسماعیل، زۆر جار كۆمپانیاكان بە ناوی دروستكردنی خانوو و شوقە بۆ كرێچییان فێڵیان لە كرێنشینان كردووە.

ئاگرین عه‌بدوڵا، بریکاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه بە (باس)ی راگەیاند: "بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 112 هه‌زار کرێچی هه‌یە، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێ له‌و ژماره‌یه‌ چه‌ندیان که‌مده‌رامه‌تن.

لەو کرێچییانە هه‌یانه‌ به ‌ئاره‌زووی خۆیان چوونه‌ته‌ خانووی کرێ، بۆ ‌چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کرێچییانیش، ئه‌و شوقانه‌ی حکوومەت له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ک ته‌واویان دەکات، نیوه‌ی پرۆژه‌که‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت‌ و نیوه‌که‌ی تریشی بۆ خه‌ڵکی که‌مده‌رامه‌ت و کرێچی ته‌رخان دەکرێ".

ئاگرین، دووپاتی كردەوە، چەندین هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان لە جێبەجێكردندان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی دواكەوتوون، ئێستا خەریكە هەندێكیان ئامادە دەبن.

ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، لە رێگەی وەبەرهێنانەوە 140 هەزار یەکەی نیشتەجێوون کراوە و حکوومەتیش تەنیا 8 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کردووە.

بەپێی ئاماری لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی 1999 بەدواوە زیاتر لە 300 هەزار کەس زەوییان وەرگرتووە، 250 هەزار کەسیش پێشینەی‌ خانووبەرەیان‌ وەرگرتووە، هاوکات 180 هەزار یەکەی‌ نیشتەجێبوونیش مۆڵەتی‌ پێ دراوە.سامان محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، لە هەولێر کاری زۆر کراوە بۆ ئەوەی رێژەی کرێچی کەم بێتەوە، گوتی: "لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا زەوی بەسەر زیاتر لە 4 هەزار کرێچیی هەولێر دابەش کراوە و پلانیش داندراوە بۆ ئەوەی دەست بکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانە، بۆ ئەوەی خەڵکەکە تیایدا نیشتەجێ بن".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending