English | عربي

دادگای توركیا بڕیارێكی تری لە بەرژەوەندیی دەمیرتاش دەركرد


دادگای توركیا بڕیارێكی تری لە بەرژەوەندیی دەمیرتاش دەركرد

2019/09/11 | 20:50

(هەواڵ كوردستان)- ئەم مانگەدا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دۆسیەكە یەكلایی دەكاتەوە

هەفتەی رابردوو دادگای ١٩ی تاوانە قورسەكانی ئەنكەرا، لەبارەی دۆسیەی تێوەگلانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە تیرۆر، بڕیاری دا ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەكی نیە، دوای شەش رۆژ دادگای ئەنكەرا تانەی لە بڕیارەكەدا و گوتیان پێویستە لەسەر هەمان دۆسیە بە سزای خۆی بگات، بەڵام دادگای تاوانە قورسەكانی ئەنكەرا ئەو داوایەشی رەت كردەوە و بڕاندیەوە كە دەمیرتاش پێویستە لەسەر ئەو دۆسیەیە ئازاد بكرێت.

بە هۆی ئەوەی دەمیرتاش لەسەر چەند دۆسیەیەكی تر دادگایی كراوە و سزای بەسەردا سەپێنراوە، بۆیە لەو ڕووەوە نەتوانرا ئازاد بكرێت و هەر لە زینداندا مایەوە.

لە ٤_١١_٢٠١٦ سەلاحەدین دەمیرتاش و ٩ ئەندام پەرلەمانی تری هەدەپە دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەریان زیندانی كران، ئەو تۆمەتەی درابووە پاڵیان چەند تۆمەتێك بوو كە زۆربەیان دەچوونە چوارچێوەی (تیرۆر)ەوە.

چەند پارێزەرێكی دەمیرتاش، قسەیان بۆ ماڵپەڕی (BBC) توركی كردووە و پێیانوایە بە هۆی ئەوەی دادگای تاوانە قورسەكان رەتی كردەوە دەمیرتاش لەسەر ئەو دۆسیەیە سزا بدرێت یان دووبارە دادگایی بكرێتەوە، بۆیە لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە ئیدی بڕایەوە كە هیچ سزایەك نادرێت و ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئەنكەرا دادەخرێت.

بە گوێرەی گوتەی ئەو پارێزەرانە، دەمیرتاش لەسەر دۆسیەكانی تری كە دادگایی كراوە، ٥٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاوە، ماوەی ٣٥ مانگیش دەبێت دەمیرتاش لە زیندانە، بۆیە لەرووی یاساییەوە هەر تاوانبارێك سێ لەسەر چواری سزاكەی وەرگرتبێ، لەبارەی ئەو سزایەی كە پێشووتر بەسەریدا سەپاوە، دەكرێت كەم بكرێتەوە و ئازاد بكرێت.

پارێزەران ئاماژە بەوە دەدەن كە دەتوانرێ لەو ٥٦ مانگەدا دەمیرتاش تەنیا ٤٢ مانگ سزا بدرێت، بۆ ئەمەش تەنیا ٧ مانگ ماوە بۆ ئازادكردنی، بۆیە پارێزەران داواكارییان داوەتە دادگا و وەزارەتی داد تا دەمیرتاش ٧ مانگی تر ئازاد بكرێت.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش ١٨ی ئەم مانگە بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەمیرتاشەوە دەدات.

لە ٢٠_١١_٢٠١٨ ئەو دادگایە بڕیاری دابوو كە دەمیرتاش و هاوڕێكانی پێویستە دەستبەجێ ئازاد بكرێن، چونكە هیچ بەڵگەیەك ئاشكرای نەكردووە تیرۆریست بن.

هەروەها بڕیاری دابوو كە پێویستە حكوومەتی توركیا بڕی ١٠ هەزار یۆڕۆ وەكو قەرەبووی مەعنەوی بداتە دەمیرتاش و ١٥ هەزار یۆڕۆش وەكو خەرجی دادگا و قەرەبووی كەسی بداتە دەمیرتاش.

بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەو بڕیارەوە لە وتارێكدا گوتبووی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پەیوەندی بە ئێمەوە نیە و جێبەجێی ناكەین.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە.

بۆیە پارێزەرەكانی دەمیرتاش، داوایەكیان پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كرد، كە دووبارە بڕیار لەبارەی كەیسەكەوە بدەن، چونكە توركیا رەتی كردووەتەوە دەمیرتاش ئازاد بكات، بۆیە دادگاش بڕیاری دا ١٨ی ئەم مانگە لە فەڕەنسا لە شاری (سترازبورگ) دیسان بڕیار لەبارەی كەیسی دەمیرتاشەوە بدات.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending