English | عربي

هەنجیری پشدەر کەموێنەیە



هەنجیری پشدەر کەموێنەیە


2019/09/11 | 23:00

(هەواڵ كوردستان)-  

هەنجیری دەڤەری پشدەر، لە تەواوی شارەکانی کوردستان خواستی لەسەرە و جیاوازە لە هەنجیری ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکانیش، ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ تەن هەنجیر لەو دەڤەرە بەرهەم دەهێندرێت.


مام حەسەن، یەکێکە لە خاوەن باخەکانی هەنجیر هەڵشۆ بۆ (باس) دەڵێت: "هەنجیر چەند جۆرێکی هەیە و بۆ نموونە زەردە هەنجیر وا باشترە کاتی نیوەڕۆیان لێ بکرێتەوە چونکە نەرم دەبێتەوە و دەتوانی بەئاسانی بە ئارەزووی خۆت لقەکان ڕابکێشیت، بەڵام لە کاتەکانی دیکەی ڕۆژدا، لەبەرئەوەی دارێکی ڕەقە، بە ڕاکێشانی لقەکانی دەشکێتەوە".


گوتیشی: "بە گشتی داری هەنجیر دارێکی بەرگەگر نییە و زوو دەشکێتەوە، بەڵام باشترین کات بۆ لێکردنەوەی هەنجیرەکان بەیانییان زوو و کاتی فێنکیی ئێوارانە، لەبەرئەوەی داری هەنجیر دارێکی شیلەدارە، هەستیاریی لەسەر پێست دروست دەکات، لە کاتی شکانەوەیدا ماددەیەکی لینج دەردەکات".
ئەو جووتیارە ڕوونیشی کردەوە: ”هەنجیر چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام ئەوەی لەم سنوورەی ئێمە زۆر گرنگیی پێ دراوە زەردە هەنجیرە، لەبەرئەوەی  خەڵک زۆر شاهەنجیر ناناسن و بەهۆی ڕەنگە سەوزەکەیەوە وادەزانن پێنەگەیشتووە“.

ئەوەشی خستەڕوو: "ڕۆژانە دوای لێکردنەوەی هەنجیرەکان، ئەوانەی باشن و بۆ فرۆشتن گونجاون دەیانبەین بۆ بازاڕ و ئەوانەیشی زۆر پێگەیشتوون، یان بەرگەی مانەوە ناگرن لە بازاڕ، بەشێکی دەدەین بە خزم و دۆستەکانمان و بەشێکیشی لێ وشک دەکەینەوە بۆ زستان و بەشێکیشی کابانی ماڵ دەیانکات بە مڕەبا و بۆ زستان هەڵی دەگرین و تامێکی خۆشی هەیە".

ئەو جووتیارە دەشڵێت: "ئەگەر کارگەیەکی دروستکردنی مڕەبا لێرە هەبووایە، ساڵانە دەمانتوانی داهاتێکی باشمان هەبێت و هاندەرێکیش دەبوو بۆ جووتیاران".
ناو بازاڕی پشدەر پڕ لە بەرهەمی هەنجیرە و لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەوە بۆ کڕینی هەنجیری هەڵشۆ ڕوو لەم بازاڕە دەکەن، فرۆشیارێکیش دەڵێت: "هەندێک کەس بەتایبەت بۆ کڕینی هەنجیر دێن".

بارزان عەلی، فرۆشیارێکی بەرهەمە هاوینییەکانە گوتی: "ڕۆژانە خەڵک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دەوروبەری دێن بۆ کڕینی هەنجیر و هەر کیلۆیەکی هەنجیریش ئێستا لە بازاڕدا بە ١٠٠٠-١٥٠٠ دینار دەفرۆشرێت".
لای خۆیەوە ڕێژین حوسێن، شارەزای خۆراک لەبارەی سوودەکانی خواردنی هەنجیر گوتی: "هەنجیر سەرچاوەیەکی خۆراکیی پڕ لە جۆرەها ڤیتامینی بەسوودە بۆ تەندروستیی مرۆڤ و یارمەتیدەرێکی باشی کۆنتڕۆڵکردنی کێشی جەستەیە و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەکات، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە، دەتوانن هەنجیر وەکوو چارەسەرێکی باشی بەهێزکردنی دڵ بخۆن".

گوتیشی: "هەروەها هەنجیری وشککراو پڕە لە ئاسن و گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستیی ئێسکەکانی مرۆڤ".
هەنجیری کوردستان بە بەناوبانگترین هەنجیرەکان دادەنرێن و لە کوردستاندا ئەم جۆرانەی هەنجیر هەن (هەنجیرە ڕەش، ئەرزنی، قەرانی، دریک، دریم، ڕیباری، بێناتی، شنگاریی ڕەش، وەزیری، بەیلامالی، ڕێخک، تەفسک ڕەش، بایە، هەنجیرە کێوی) و چەند جۆرێکی دیکەش لە دەڤەرە جیا جیاکانی کوردستان هەن.هەنجیری سنووری پشدەر لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتەوە وردە وردە پێ دەگات، تاوەکوو سەرەتای مانگی ٩ دەمێنێت.



 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending