English | عربي

50 هەزار ئاوارەی داعشی لە سووریاوە گواستراونەتە مووسڵ


50 هەزار ئاوارەی داعشی لە سووریاوە گواستراونەتە مووسڵ

2019/09/11 | 23:00

(هەواڵ كوردستان)- قائیمقامی قەزای شنگال: هێنانی ئەو ئاوارانە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئارامیی دەڤەرەکە و ژیانی خەڵکی شنگال

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لە قەزای ناوەندیی مووسڵ، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 50 هەزار ئاوارە، کە زۆربەیان کەسوکاری تیرۆریستانی داعشن، لە کەمپی هۆلێ لە سووریا، لە ڕێگای ڕەبیعەوە گواستراونەتە مووسڵ و لە کەمپەکانی جدعە لە حەمام عەلیل و گەیاڕە نیشتەجێ کراون.
سەبارەت بەم پرسە، مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ هەفتەنامەی (باس)، ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، نزیکەی 32 هەزار کەس لە دەروازەی سنووریی ڕەبیعە لە سووریاوە گواستراونەتەوە پارێزگای مووسڵ، کە زۆربەی هەرە زۆریان کەسوکاری تیرۆریستان داعشن و دەڵێت: ”هێنانی ئەو ئاوارانە مەترسییەکی گەورە لەسەر دۆخی ئاسایش و ئارامیی دەڤەرەکە و بەتایبەتی لەسەر ژیانی خەڵکی شنگال دروست دەکات، چونکە ئەوانە گۆشکراوی هزری توندڕۆیی و تیرۆریستیی داعشن“.

مەحما خەلیل جەختی کردەوە، گواستنەوەی ئەو تیرۆریستانە لەکاتێکدایە، کە هێشتا هەزاران ڕفێندراوی ئێزدی لە منداڵ و کچ و ژن لە دەستی تیرۆریستاندا ماون و گوتی: ”هاتنی کەسوکاری تیرۆریستان بۆ ناوچەکە و داڵدەدانیان لە ناوچەکە، نەک هەر جێگای قبووڵکردن نییە، بەڵکوو دەبێت ئەوانە توندترین سزاش بدرێن، چونکە لە کاتی داگیرکردنی شنگال و دەڤەرەکە لەلایەن تیرۆریستانی داعش، ئەو خەڵکە هاوکار و پشتیوانی تیرۆریستان بوون“.

لای خۆیشیەوە خەلیل شەمۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ باسی لەوە کرد: ”ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگا، بە هیچ جۆرێک بەم هەنگاوە ڕازی نین و هەڵوێستی خۆمان دەبێت، چونکە ناکرێ ئەوانەی لە ساڵی 2014 بوونە چاوساغ و هاوکاری تیرۆریستان لە جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیل و دواتر چوونە سووریا، ئەمڕۆ جارێکی تر بێنەوە و وەک ئەوەی هیچیان نەکردبێت، لەو ناوچانە نیشتەجێ بکرێنەوە“.

شەمۆ ئاشکرایشی کرد، ئەوان پێشتریش ڕێگر بوونە لە گەڕانەوەی خێزان و کەسوکاری تیرۆریستان بۆ ناوچەکە و جەخت دەکاتەوە و دەشڵێت: ”بۆ ئەم هەنگاوە بەدواداچوون دەکەین و داوا لە حکوومەتی عێراق و لایەنە بەرپرسەکان دەکەین، چیتر دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا لەبەردەم گەڕانەوەی تیرۆریستان ئاوەڵا نەکرێن و ئەوانەیش کە ئێستا هێنراونەتەوە و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی جووڵە و چالاکییەکانیان بکات“.

دواجار باس لەوە دەکات، کە ئەوان چاوەڕێ بوون ئەو تیرۆریست و تاوانبارانەی لە سەدەی 21 گەورەترین کۆمەڵکوژییان بەسەر خەڵکی سڤیل هێنا، سزا بدرێن، کەچی هەنووکە وەک بەشێک لە ئەجێندای سیاسیی هەندێک لایەن و بۆ بەرژەوەندی و مەرامی سیاسی، ڕێگا لەبەردەم گەڕانەوەیان خۆش دەکرێت، کە ئەمەش مەترسییەکی جدی و گەورە لەسەر ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی دەشتی نەینەوا و تەواوی دەڤەرەکە دروست دەکات و ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی، جارێکی تر تیرۆریستان خۆیان کۆ بکەنەوە.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending