English | عربي

تره‌مپ هۆكاری له‌كاردوورخستنه‌وه‌ی بۆڵتون ئاشكرا ده‌كات


تره‌مپ هۆكاری له‌كاردوورخستنه‌وه‌ی بۆڵتون ئاشكرا ده‌كات

2019/09/11 | 23:10

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆكاری له‌كاردوورخستنه‌وه‌ی جۆن بۆڵتون، راویژكاری كۆشكی سپی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "بۆڵتون هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌ی كردووه‌"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، دیارترینی ئه‌و هه‌ڵانه‌ پرسی كۆریای باكوور و ڤه‌نزوێللا بوون.

له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ كۆشكی سپی، تره‌مپ له‌ باره‌ی له‌كاردوورخستنی بۆڵتون گوتی: "بۆڵتون چه‌ندین هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی كردووه‌، له‌ راستیدا په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆر باش بوو، به‌ڵام نه‌یتوانی زمانێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵا و گرنگه‌كانی ئیداره‌كه‌م به‌كاربهێنێت".

تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ڵوێسته‌كانی بۆڵتون له‌باره‌ی زۆرێك له‌ پرس و بابه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ ئامانج و ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا نه‌ده‌گونجا"، روونیشیكرده‌وه‌، له‌ هه‌ڵه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی بۆڵتون كه‌ له‌ ماوه‌ی كاره‌كه‌یدا له‌ ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا كردوویه‌تی، پێشنیازی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی لیبیا بوو له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور.

له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا له‌مباره‌یه‌وه‌ تره‌مپ گوتی: "لێدوانه‌كه‌ی بۆڵتون له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی نموونه‌ی لیبیا له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون پێشنیازێكی هۆشیارانه‌ نه‌بوو، سه‌یركه‌ن چی له‌گه‌ڵ موعه‌مه‌ر قه‌زافی، "سه‌ركرده‌ی كۆچكردووی لیبیا" كرا.

پێویست نه‌بوو بۆڵتون ئه‌و لێدوانه‌ بدات، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بووه‌ هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان من و بۆڵتون".

هه‌روه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا دووپاتیكرده‌وه‌، له‌باره‌ی قه‌یرانی ڤه‌نزوێللا له‌گه‌ڵ راوێژكاری پێشووی كۆشكی سپی هاوڕا نه‌بوو و گوتی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ بۆڵتون له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆر ره‌ق بوو و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی جێگای قبووڵكردن نه‌بوو، هه‌روه‌ها من پێموایه‌ كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌وا من له‌سه‌ر حه‌قم".

جارێكی دیكه‌ تره‌مپ هه‌ڵوێستی بۆڵتونی له‌باره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر عێراقیش به‌بیر هێنایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "له‌ ساڵی 2003ـش هه‌ر راوێژكاری پێشووی ئه‌و بوو كه‌ وایكرد هێزه‌كانی ئه‌مریكا بچنه‌ ناو خاكی عێراق".

سه‌باره‌ت به‌ شوێنگره‌وه‌كانی بۆڵتونیش سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشرایكرد، "ئێستا تاوتوێی 5 كاندید بۆ پۆستی راویژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌كات".

دوێنێ سێشه‌ممه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، رۆژی پێشتر ئه‌و‌ به‌ بۆڵتونی راگه‌یاندووه‌، كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی له‌لایه‌ن كۆشكی سپییه‌وه‌ په‌سه‌ند نین و داوای لێكردووه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، ئه‌مڕۆش بۆڵتون به‌ فه‌رمی ده‌ستی له‌كاركیشایه‌وه‌.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending