هەواڵی کوردستان ئێستا

عێراق.. تەقینەوەیەك لە دیالە برینداربوونی چوار چەكداری حەشدی شەعبی لێكەوتەوە

عێراق.. تەقینەوەیەك لە دیالە برینداربوونی چوار چەكداری حەشدی شەعبی لێكەوتەوە
عێراق.. تەقینەوەیەك لە دیالە برینداربوونی چوار چەكداری حەشدی شەعبی لێكەوتەوە

2020-07-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپیده‌

لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە سنووری باكووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، چوار چەكداری حەشدی شەعبی برینداربوون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە عێراق بە میدیاكانی خۆجێی راگەیاندووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی پاڵەوانەكانی عێراقدا، بۆمبێكی چێنراو لە دەورووبەری قەزای خانەقین باكووری پارێزگای دیالە تەقیوەتەوە كە كاروانێكی حەشدی شەعبی كردووەتە ئامانج.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەیشدا كە لە ئاكامی تەقینەوەكەدا، چوار چەكداری حەشدی شەعبی برینداربوون.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی ریشەكێشكردن و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە چوار میحوەری سنووری پارێزگای دیالە دەستی پێ كرا كە هێزەكانی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی تیایدا بەشداری دەكەن.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی رووبەری 17هەزار و 685 كیلۆمەتر چوار گۆشەیە لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە و هەورەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پتەوتر بێت.

لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە خاپووركران.