ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر نوێی له‌باره‌ی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد و رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م بازاڕ و دوكانه‌كان له‌كاتژمێر 12:00ی شه‌و تا 5:00ی به‌یانی داده‌خرێن، ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانیش بۆ 30% كه‌مده‌كرێته‌وه و هه‌فتانه‌ش چوار رۆژ ده‌وام ده‌بێت.
ده‌قی بڕیاره‌كان
1-له سنووری سه‌نته‌ری شار و سه‌رجه‌م قه‌زاكانی دیكه‌ی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌كاتژمێر (12)ی شه‌و تاوه‌كو (5) به‌یانی، سه‌رجه‌م بازاڕ و دوكان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتییان كراوه‌ن داده‌خرێن، جگه له ده‌رمانخانه‌كان.
2- هاتووچۆ له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێر و پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌داخراوی ده‌مێنێته‌وه، جگه له‌و حاڵه‌تانه نه‌بێت كه له به‌یانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراون.
3-سه‌باره‌ت به كه‌رنتینی ئه‌وانه‌ی له‌وڵاتانی تره‌وه له‌ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر یان له‌ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران و ده‌روازه سنوورییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاری هه‌ولێر، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ئه‌و رێكاره ده‌گرێته‌به‌ر، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وڵاتانی تره‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه دەبێت پشكنینی پشتڕاستكراوه‌یان له‌و شوێن و وڵاته‌ی كه لێیه‌وه هاتوون لابێت و ماوه‌كه‌ی (48) كاتژمێری به‌سه‌ردا تێپه‌ڕنه‌بووبێ، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌رك و تێچووی خۆیان پشكنییان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ڵێن نامه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت كه بۆ ماوه‌ی (14) ڕۆژ له‌شوێنی حه‌وانه‌وه یان ماڵه‌كه‌ی خۆیان كه‌ره‌نتین بكرێن.
4-سه‌باره‌ت به‌بازگه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر، سیسته‌مێكی بۆ پشكنین و چۆنیه‌تی هاتنه ژووره‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی دهیانەوێت بێنه هه‌ولێر داڕشتووه و له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌و سیسته‌مه ده‌چێته واری جێبه‌جێكردن.
5- ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له كۆبوونه‌وه‌یدا ته‌واوی ئه‌و گله‌یی و سەرنج و ڕه‌خنه و كه‌م و كوڕیانه‌ی هه‌بوون سه‌باره‌ت به نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به كۆرۆناو پاك و خاوێنی و خزمه‌تكردنی نه‌خۆشه‌كانی تاوتوێكرد و خستیه به‌رباس، دڵنییای دهدهینە هه‌موو لایه‌ك به زووترین كات هه‌ر گرفت و كێشه‌یه‌ك هه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
6- چێشتخانه‌كان به پابه‌ندبوون به‌ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و بڕیاره‌كانی ده‌سته‌ی گه‌شت گوزار كراوه‌ده‌بن، هه‌ر چێشتخانه‌یه‌ك ئه‌و مه‌رجه ته‌ندروستییانه‌ی بۆیان دیاركراوه جێبه‌جێیان نه‌كات شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت بۆ ماوه‌یه‌ك كه له هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت.
7- به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به شێوه‌یه‌كی فراوان له شاری هه‌ولێر و مه‌ترسی داری دۆخه‌كه (مزگه‌وت، كڵێسا، شوێنه ئاینییه پیرۆزه‌كان، هۆڵی بۆنه ئاینییه‌كان) به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه و پرسه دانان و چوونه سه‌رقه‌بران قه‌ده‌غه‌یه.
8-ئه‌م شوێنانه‌ش به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه (هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه، یانه‌ی شه‌وانه، نێرگهلهكێشان، هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، مه‌له‌وانگه، هۆڵه‌كه‌كانی ئاهه‌نگی شه‌وانه، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه (بار)، گه‌رماو (حه‌مام)، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج).
9- سارده‌مه‌نی، چایه‌خانه، ڕیستۆرانتی باخچه‌كان، سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی هاوشێوه‌یان، ده‌بێت ته‌نها به كه‌ل و په‌لی سه‌فه‌ری كه بۆ یه‌ك جار به‌كارده‌هێنرێت كاربكه‌ن و ڕه‌چاووی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه شوێنه‌كه‌یان داده‌خرێت بۆ ماوه‌یه‌ك کە لهههفتهیەک كه‌متر نه‌بێت.
10-له رۆژانی هه‌ینی (بازاڕه میللیه‌كان، گۆڕه‌پانه‌كانی باڵنده، پیشانگاكانی ئۆتۆمۆبێل) به‌ته‌واوی داده‌خرێن و هاتووچۆكردن لێیان قه‌ده‌غه‌یه.
11-ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان، جگه له (ته‌ندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان)، به‌سیسته‌می شه‌فتات و به‌ڕێژه‌ی له 30% ده‌بێت له‌ڕۆژانی (یه‌ك شه‌ممه تاوه‌كو چوارشه‌ممه)، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له كاتی ده‌وام (ده‌مامك)ی نه‌به‌ستابێت رێكاری كارگێری به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نیه بچێته ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك قه‌ره‌بالغی تێدا دروستبێت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌وام له‌و فه‌رمانگه‌یه ڕاده‌گرین، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌شی جێنشینی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێرن و ده‌وامییان له‌ناوی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێره، پێویست ناكات ده‌وام بكه‌ن.
12-له هه‌ر شوێنێكی بازرگانی و بازار و دوكان و ماركێت و مۆڵ و چێشتخانه‌یه‌ك رێنماییه ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن، ده‌ست به‌جێ ئه‌م شوێنه داده‌خرێت، بۆ ماوه‌یه‌ك كه له هه‌فتەیەک كه‌متر نه‌بێت.
13-كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه پزیشكییه‌كان ئاره‌زومه‌ندانه ده‌بێت و ئه‌وانه‌شی كراوه ده‌بن ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه یان تێدابێت:
ـ كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌كان له كاتژمێر (3)ی دوای نیوه‌ڕۆ بۆ (8)ی ئێواره ده‌بێت.
ـ له هۆڵی چاوه‌ڕوانی له چوار نه‌خۆش زیاتری لێ نه‌بێت و نێوانی هه‌ر یه‌كه‌یان دوومه‌تر كه‌متر نه‌بێت.
ـ پزیشك ده‌ستكێشی له‌ده‌ست بێ و (ده‌مامك) ببه‌ستبێ.
ـ نه‌خۆش یه‌ك هه‌واڵی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌بێت