هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەوانەى کۆڕۆنایان هەیە، چۆن چارەى خۆیان بکەن لە ماڵەوە؟

ئەوانەى کۆڕۆنایان هەیە، چۆن چارەى خۆیان بکەن لە ماڵەوە؟
ئەوانەى کۆڕۆنایان هەیە، چۆن چارەى خۆیان بکەن لە ماڵەوە؟

2020-07-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

د. زانا ئەحمەد/بۆرد لە پزیشکیی هەناو

بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەى تووشبووانى کۆڕۆنا لە زیاد بووندایە، بە جۆرێک نەخۆشخانەکان ناتوانن لەخۆیان بگرن. بۆیە ئەگەر - دوور بێ- تووش بوویت، وا باشە خۆت ببیت بە دکتۆرى خۆت! ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بکەیت، سوودیان لێ دەبینیت:
1. دەروون ئارامی زۆر گرنگە، وا هەست مەکە دونیا کۆتایی پێهاتووە، بەس تۆ نیت تووشی ئەو نەخۆشییە بوویت، بزانە تۆ یەکێکیت لە زیاد لە 12 ملیۆن کەس. ئینجا واى دابنێ تۆ لەو 93%یەى بەتەواوى چاک دەبنەوە، نەک ئەوانى تر.
2. لە ماَلەوە خۆت لە ژوورێک گۆشەگیر بکە. خۆت بەتایبەت لە ژنى دووگیان، بەساڵاچووان و ئەوانەى نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە بەدوور بگرە، چونکە ئەوانە تووش ببن بە ئاسانى چاک نابنەوە.
3. مەهێڵە ئەوانەى خزمەتت دەکەن لە دوو مەتر زیاتر لێت نزیک ببنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانیش تووش ببن، کێ خزمەتت دەکات؟! وا باشە تەنها یەک کەس کە لە هەموویان گەنجتر و تەندروستترە خزمەتت بکات.
4. کە بەتەنها بوویت، پێویست ناکات ماسک بپۆشیت، چونکە زیاتر تەنگەنەفەست دەکات.
5. زوو زوو بە پەڕۆ و ئاوى شلەتێن دەموچاو و سەر و ملت، دەىستەکانت تا ئەنیشک و قاچەکانت تا ئەژنۆت فێنک بکەوە. بۆ وشک کردنەوە کلێنس بەکاربێنە نەک خاولى.
6. ماسک و دەستکێش، کە لێت کردنەوە فڕێىان بدە، دووبارە بەکاریان مەهێنەوە.
7. لووت دەرگاى چوونە ژوورەوەى هەوایە، نابێت بگیرێت. بۆیە زوو زوو ئاوى تێوەردە و فن بکە. ئەگەر گیرا، دەوانیت خوێیاو بگریتەوە و بە دڵۆپ تێی بکەیت.
8. لە کاتى پژمین و کۆکیندا کلێنس بەکاربێنە، دواتر کلێنسەکە ئەمدیوئەودیو بکە و لوولی بکە و فڕێی بدە تەنەکەى خۆڵەوە، ئەگەر بیخەیتە ناو نایلۆنێکەوە و جوان گرێى بدەیت باشترە، تا ڤایرۆسەکە بە هەواى ماڵەوەدا بڵاونەبێتەوە.
9. ئەگەر پەیوەستیت بە دیندارییەوە: زۆر لە خوا بپاڕێوە شیفاى خۆت و ئەوانى تریش بدات. نوێژ بە دانیشتنەوە بکە، بەڵام ئەم ماوەیە بەڕۆژوو مەبە.
10. تا دەکرێت بچۆ هەواى کراوەى دەرەوە بەتایبەت ناو باخچە، تا هەوای پڕ لە ئۆکسجین هەڵمژیت.
11. با ژوورەکەت دەرگا و پەنجەرەى کراوە بێت تا هەواگۆڕگێى هەبێت و ڕێژەى ئۆکسجین لە ژوورەکەت کەم نەبێتەوە.
12. با ژوورەکەت زۆر سارد نەبێت، چونکە کەشی سارد ڕۆڵى هەیە لە تەسک بوونەوەى بۆڕیییەکانى هەوا و بەمەش زیاتر تەنگەنەفەس بوون.
13. تا پێت دەکرێت لەسەر خۆ و بە قووڵى هەناسە بدە.
14. ناوبەناو لێوەکانت بچووک بکەرەوە و بە زەخت هەناسە لە دەمتەوە بدەوە، هەوڵ بدە فوو لە میزڵدان بکەیت، بەم کردارانە سییەکان دەکشێن و تواناى هەواگۆڕکێیان زیاتر دەبێت.
15. زوو زوو ئاو بخۆوە، هەم لە وشکبوونەوە بەهۆى تاوە دەتپارَزێت، هەمیش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەى ئەو ڤایرۆسانەى لە قوڕگدا کۆبوونەتەوە لە جیاتى ئەوەى بچنە ناو سییەکان شۆڕببنەوە ناو گەدە و لەناو ترشییەکەى لەناوبچن.
16. خواردنى باش بخۆ، بەتایبەت پڕۆتینەکان کە بەردى بناغەى دروست بوونى (دژەتەن)ەکانن، وەک هێلکە و گۆشتى سوور و سپی.
17. ئەم ماوەیە وەرزش مەکە، کەم بجووڵێوە، چونکە جووڵە پێویستى بەوەیە سییەکانت هەواى زیاتر وەربگرن، بەڵام لەم کاتەدا ناتوانن. بەڵام هەر لە جێوە جووڵە بە پەلەکانت بەتایبەت قاچەکانت بکە، بیاننوشتێنەوە و درێژیان بکەرەوە، چونکە یەکێک لە لێکەوتە خراپەکانى ئەم نەخۆشییە خوێن مەیینە.
18. ڕۆژانە جلەکانت بگۆڕە، جلە پیسەکانت بۆ چەند سەعاتێکى کەم بخەرە بەر خۆر، لەم کەشە گەرمەى لای ئێمە ڤایرۆسی پێوە نامێنێت! دواى دانە بەر خۆر ئینجا بشۆرێت.
19. زۆر پێویستە ڕۆژانە چەند جارێک لەسەر سک پاڵ بکەویت.
20. وا باشە ئاودەستى جیا بەکاربێنیت، ئەگەر نا دەبێت ڕۆژانە ئاودەستەکە بە لایەنى کەم جارێک بە (مەوادى تەعقیم) پاک بکرێتەوە.
21. تا دەکرێت زۆر لە خۆت بکە بۆ هەڵکەنندنى بەڵغەم و فڕێدانى، چونکە بەڵغەم پڕ لە میکرۆبە و یارمەتیی زیاترى هەو کردنى سییەکان دەدات. ئنجا بیخە ناو کلێنس و دواتریش کیسی نایلۆنەوە و توند سەرەکەى گرێ بدە.
22. مێخەک نەسەلماوە سوودێکى هەبێت بۆ کۆڕۆنا. بە ڕێژەیەکى کەم بیخۆیت زەرەرى نییە و ڕەنگە سوودیشی هەبێت. بەڵام لە سەرى کەوچکە چایەک زیاتر بیخۆیت، بەکتریا سوودبەخشە کانى ناوڕیخۆڵەکانت لەناو دەبات و تووشی سکچوونت دەکات و دەردێکى گەورە دەخاتە سەر دەردەکەت!
23. تا دەکرێت شرووبی کۆکە بەکار مەهێنە، چونکە بەهۆى کۆکینەوە بەڵغەم و ئیلتیهاباتى ناو سینگ فڕێ دەدرێت.
24. دەتوانیت ئەم چارەسەرانە بەکاربهێنیت:
- حەبی پاڕاسیتۆل 500 میللیگرام 6 سەعات جارێک، ئەگەر پێویستى کرد 4 سەعات جارێک، بە مەرجێک کێشەى جگەرت نەبێت
- ئەگەر تا و ئازارت کەم نەبووەوە: حەبی پڕۆفین ٤٠٠ میللیگرام 6 سەعات جارێک، بە مەرجێک کێشەى گەدە و گورچیلەت نەبێت. ئەگەر پێویستى کرد 4 سەعات جارێک
- حەبی زینک 50 میللیگرام ڕۆژی یەک جار
- حەبی ڤیتامین Dى 5 هەزارى ڕۆژیی یەک جار، لەوە زیاتر مەخۆ، چونکە بێ پشکنین لەوە زیاتر بخۆیت ئەگەر هەیە بەردى گورچیلە دروست بکات
- حەبی ڤیتامین C ١ گرام ڕۆژی یەک جار یان 500 میللیگرام ڕۆژى دوو جار
25. تووشی هەر یەکێک لەم حاڵەتانە بوویت، زوو خۆت بگەیەنە نەخۆشخانە:
- هۆش تێکچوون
- سەر گێژخواردن
- زیاد بوونى تەنگەنەفەسى
- هەناسە باش پێنەدران
- لێو شین بوون
- مێرووژانە و سڕ بوون
- حەب و خواردن پێ نەخوران
26. پشت بە خوا، دواى 2-3 هەفتە چاک دەبیتەوە. دوو هەفتە دواتر سەر لە بانکەکانى خوێن بدە و بوتڵێک خوێن ببەخشە، ئەو کات دەبیت بە پاڵەوانى ڕزگار کردنى کەسێک لە مردن!