هەواڵی کوردستان ئێستا

دەروێشەکانی تەریقەتی کەسنەزانی گەڕانەوە ئێران

دەروێشەکانی تەریقەتی کەسنەزانی گەڕانەوە ئێران
دەروێشەکانی تەریقەتی کەسنەزانی گەڕانەوە ئێران

2020-07-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ، لیوا مەریوان کەمال: "793 دەروێش کە پێشتر بە نایاسایی بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخەکەیان هاتنە هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی باشماخ گەڕێندرانەوە ئێران".

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر دەروێش و موریدی شێخ محەمەد کەسنەزانی بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخەکەیان لە دەروازەی سنووری باشماخ-ەوە بە نایاسایی هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان-ەوە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە و ئاسایشی پێنجوێن و بەرپرسانی دەروازەی سنووری باشماخ هەموویان گەڕێندرانەوە خاکی ئێران.

بەرێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ، لیوا مەریوان کەمال لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەوکاتەی دەروێشەکان بە لێشاو هاتنە سنووری هەرێمی کوردستان و سنووریان بڕی لە پێنجوێن ئاسایش هەموویان کۆکردبووەوە و ناونووسی کردبوون و ناسنامەی لێ وەرگرتبوون، دواتریش بە پاسی تایبەت گەیەندرانە سلێمانی، ئێوارەی دوێنێیش لە سلێمانی-یەوە دوای تەواوبوونی پرسەکە هەموویان بە پاس هێندرانەوە پێنجوێن و ناسنامەکانیان پێدرایەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەپرپرسانی مەرزەکە هەموویانمان گەڕاندەوە خاکی ئێران".

لیوا مەریوان کەمال گوتیشی: "ژمارەی دەروێشەکان 793 کەس بووە و بەپێی بەرنامەیەک 50 کەس 50 کەس دەمانناردنە دیوی ئێران تا هەموویان گەڕێندرانەوە بەبێ ئەوەی هیچ کێشە و گرفتێک رووبدات".

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ، لیوا مەریوان کەمال هەروەها گوتی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە لە ئێران-یش هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەکراوە و لە دەروازە سنووریەکەوە پاسیان بۆ ئامادەکراوە و هەموویان گواستراونەتەوە بۆ شاری مەریوان".