هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر ئەنجام نەدانی قوربانیی بە گونجاو نازانێت

یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر ئەنجام نەدانی قوربانیی بە گونجاو نازانێت
یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر ئەنجام نەدانی قوربانیی بە گونجاو نازانێت

2020-07-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ديجيتاڵ میدیای سپێده‌

یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر، ئەو پێشنیازەی رەت کردەوە کە داوای کردبوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، جەژنی قوربانی ئەمساڵ قوربانیی نەکرێت.


یەکێتیی زانایانی موسڵمان لە جەزائر راگەیەندراوێکی لەبارەی شێوازی بەڕێکردنی جەژنی قوربانیی ئەمساڵ، بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی ئەو کەسانە کراوە کە پرسیویانە "دەکرێت ئەم جەژنە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەبری سەربڕینی قوربانیی، پارەکەی بکرێت بە خێر؟".

لە وەڵامی ئەم پرسیارەیشدا ئەوە خراوەتەڕوو کە "خێرکردن ناتوانێت جێگەی قوربانیی بگرێتەوە".

داوایش لە هاووڵاتییان کراوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە سەردانی جەژنەپیرۆزە ئەنجام نەدەن و لەبری ئەوە تەنها لە دوورەوە پیرۆزبایی لە یەکتر بکەن.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەندامی پەرلەمانی جەزائر، عەبدولوەهاب زەعیم پێشنیازی ئەوەی کردبوو ئەم جەژنە، قوربانیی نەکرێت و لەبری ئەوە پارەی قوربانییەکە بدرێت بە هەژاران و ئەو کەسانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) زەرەرمەند بوون.

تا ئێستاش ئەنجوومەنی فتوای سەربە وەزارەتی کاروباری ئایینی ئەو وڵاتە لە بارەی ئەم بابەتەوە لێدوانی نەداوە.