English | عربي

  ☵ گرنگترین هه‌واڵ



كچێكی 30 ساڵان لە كەلار خۆی دەسووتێنێ

2017/10/12 | 08:17

(هەواڵ كوردستان)- رووداو- هەولێرئەژینی تەمەن 30 ساڵان لە هەموو خوشكەكانی دیكەی بچووكتر بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی 3 خوشكەكەی دیكەی هاوسەرگیرییان كردبوو، ببووە كچی گەورەی ماڵەوە، ئەو نزیكەی 10 ساڵ بوو وازی لە خوێندن هێنابوو، خۆی تەرخان كردبوو بۆ خزمەتكردنی دایك و براكەی، بەگوتەی كەسوكارەكەی، چەند مانگێك بوو بێتاقەت و كەمدوو بوو، تاوەكو دواجار لە سەربانی ماڵەكەی خۆیان نەوتی بەخۆیدا كرد و خۆی سووتاند.كامەران محەممەد كە یەكێكە لە ئامۆزاكانی ئەژین، زۆر پەسنی ئەژین دەدات و دەڵێت "كچێكی زۆر باش بوو، خۆشەویست بوو لەلای هەمووان، بەتایبەتی دایك و براكەی زۆریان خۆشدەویست، چونكە دوای ئەوەی باوكی ژنی دووەمی هێنا و بەجێیهێشتن، ئەژین خۆی تەرخان كردبوو بۆ خزمەتكردنی دایك و براكەی، بەردەوام سەرقاڵی كاری ناوماڵ بوو، سەردانی خزمەكانی نەدەكرد و زۆربەی كات لە ماڵەوە بوو، زۆر بە كەمی خزم و كەسوكار دەیانبینی".ئەژین ئێوارەی رۆژی 8/9/2017 دەچێتە سەربانی ماڵەكەی خۆیان و دەبەیەك نەوت بەخۆیدا دەكات و خۆی دەسووتێنێ‌، بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.

كامەران محەممەد لەبارەی رووداوەكەوە دەڵێت: "ئەو ئێوارەیە تازە لەسەر كار گەڕابوومەوە، لەناكاو كوڕەكەم هات و هاواری كرد و گوتی دادە ئەژین خۆی سووتاند، بەپەلە رامكردەوە دەرەوە و بەرەو ماڵی ئەوان رۆیشتم كە چەند خولەكێك لە ماڵی ئێمەوە دوورە، بینیم خەڵكی گەڕەكەكە كۆبوونەتەوە، دواتر بە ئەمبۆڵانس ئەژینیان رەوانەی نەخۆشخانەی سووتاوی لە سلێمانی كرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی و سەختیی برینەكەی، دوای چەند رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو"."لە ژیان بێزارم"كامەران كە وەك خۆی دەڵێت بەردەوام سەردانی كردوون و كەموكوڕییەكانی ژیانی بۆ پڕكردوونەتەوە، نایشارێتەوە چەند مانگێك بووە ئەژین بێتاقەت و نیگەران هاتووەتە پێش چاو و وەك پێشتر نەبووە.

كامەران گوتی "نزیكەی سێ‌ مانگ بوو ئەژین گۆڕابوو، زۆر بێتاقەت بوو، تەنانەت قسەی لەگەڵ كەس نەدەكرد، هەستم دەكرد باری دەروونی تێكچووە، بۆیە چەند جارێك لەبارەی هۆكاری بێتاقەتی و قسەنەكردنی لەگەڵ ئامۆژنم قسەم كرد، بەڵام ئەویش دەیگوت نازانم بۆ ئاوایە، تەنانەت باسی هیچ شتێك بۆ منیش ناكات، تەنیا دەڵێت من لەم ژیانە بێزارم".ئەو ئامۆزایەی ئەژین دەڵێت بەهۆی ئەم رەشبینی و تێكچوونە دەروونییەی چەند جارێك داوایان لە ئەژین كردووە سەردانی پزیشكی دەروونی بكات، بەڵام بەقسەی كەسی نەدەكرد و رەتی دەكردەوە بچێتە لای پزیشكی دەروونی.ئەژین سێ‌ خوشكی هەیە و كچی بچووكی ماڵەوە بوو، هەرسێك خوشكەكەی شوویان كردووە و تەنیا خۆی لە ماڵەوە مابوو، پێدەچوو بەهۆی زۆر بیركردنەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبێت.

كامەران دەڵێت "چەند رۆژێك پێش خۆسووتاندنی، ئەژینم بینی رەنگ زەردهەڵگەڕاو و بێتاقەت بوو، زۆر هەوڵمدا تا پێم بڵێت كێشەی چییە؟ بەڵام ئارەزووی قسەكردنی نەبوو، هەستم پێدەكرد كە لە ناخەوە زۆر خەفەت بە شتێك دەخوات و نایدركێنێ، بەداخەوە ئەو نهێنییەی هەر نەدركاند".یەكێك لە دراوسێكانی ماڵی ئەژین كە نەیویست ناوی بهێنرێت، رووداوەكە و دیمەنی سووتانی ئەو كچە 30 ساڵانە بەبەرچاوی خەڵكەوە بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین، ئێوارە بوو، لەناكاو دووكەڵ لە سەربانی ماڵی ئەژین بەرز بووەوە، بینیم شتێكی وەك تۆپەڵێك ئاگر لە سەربانەكە بەخێرایی دەجووڵا، هیچ دەنگێكم نەبیست، بەڵام كاتێك نزیكتر بوومەوە زانیم ئەوە كەسێكە دەسووتێت، ئینجا گوێم لە ئەژین بوو كە بەدەم هاوار و زریكەوە لەمسەر بۆ ئەوسەری سەربانەكە رایدەكرد و ئاگرەكەش زیاتر تەشەنەی دەسەند، كاتێك ئەو دیمەنەم بینی، منیش هاوارم كرد و داوام كرد فریای بكەون، خۆشم بەرەو ماڵی ئەژین رامكرد، هێشتا دایكی نەیزانیبوو".ئەو شایەتحاڵەی دراوسێیان باس لەو دیمەنە تراژیدییەی سووتانی ئەژین دەكات و دەڵێت "كە گەیشتمە سەربانەكە، بینیم وەك بەفر دەتوێتەوە، قژ و جلوبەرگەكانی بە جەستەیدا دەتوانەوە، ئیتر خەڵكی گەڕەكەكە كۆبوونەوە و بە هەموومان ئاگرەكەمان كوژاندەوە، بەپەلە ئەژینمان خستە نێو بەتانییەك و بردمانە نەخۆشخانە، بەڵام بەشی زۆری جەستەی سووتابوو، لەتاو ئازاری جەستەی لەهۆش خۆی چووبوو".لەبارەی رووداوەكەوە عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان بە (رووداو)ی گوت: "ئێوارەی رۆژی 8/9/2017 كچێكی تەمەن 30 ساڵ لە سەربانی ماڵەكەی خۆیان لە شارۆچكەی كەلار دوای ئەوەی نەوتی بەخۆیدا كردووە، خۆی سووتاند، دواتر لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە گەرمیان گوتیشی "دوای رووداوەكە بەدواداچوونیان كردووە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە، گوتەی كەسوكاری كچەكەش وەرگیراوە، ئەوان دەڵێن نازانن هۆكاری خۆسووتاندنی كچەكەیان چییە؟، بەهۆی رووداوەكەشەوە هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending