هەواڵی کوردستان ئێستا

پێدەچێت عێراق ئەمساڵ بە بێ یاسای بودجە بەڕێوەبچێت

پێدەچێت عێراق ئەمساڵ بە بێ یاسای بودجە بەڕێوەبچێت
پێدەچێت عێراق ئەمساڵ بە بێ یاسای بودجە بەڕێوەبچێت

2020-01-03 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند كە پێدەچێت عێراق ئەمساڵ بە بێ یاسای بودجە تێپەڕێنێ، ئەمەش دەرفەت بۆ بەھەدەردانی سامانی گشتیی وڵاتەكە زیاتر دەكات.


شێروان میرزا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند بە ھۆی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ناکۆکی و پێکنەھاتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی كاتی، پێشبینی دەکرێ ھاوشێوەی ساڵی 2014، کە بەھۆی شەڕی داعشەوە بودجە پەسند نەکرا، ئەمساڵیش عێراق بە بێ پڕۆژە یاسا تێپەڕێنێت.


گوتیشی نەبوون یان پەسند نەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەرفەتی بەھەدەردانی سامانی گشتی و جێبەجێنەکردنی پڕۆژەی بڕیار لەسەر دراو دەڕەخسێنێ، کە پێویستە بەری لێ بگیرێت و پەرلەمانتاران چاودێری خەرجکردنی بودجەی مانگانە بکەن کە لە ئەگەری پەسند نەکردنی بودجە ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو خەرج دەکرێ.


بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 تەواو کراوە، بەڵام بە ھۆی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و چاوەڕوانیکردنی دانانی کەسێک لە جێگاکەی، بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی، پڕۆژەکەی نەناردووەتە پەرلەمانی عێراق.