هەواڵی کوردستان ئێستا

نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان: کوشتنی سولەیمانی راگەیاندنی جەنگە

نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان: کوشتنی سولەیمانی راگەیاندنی جەنگە
نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان: کوشتنی سولەیمانی راگەیاندنی جەنگە

2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-          

نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، کوشتنی قاسم سولەیمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، وەک راگەیاندنی جەنگ وایە، دەشڵێت، وەڵامی هەمو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیش بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەدرێتەوە.

بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران چوە قۆناغێکی دیکە لە جەنگ دژی ئەمریکا 

 

مەجید تەخترەوانچی، نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNN"ی ئەمریکی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فه‌رمانده‌ی گشتی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی چوە قۆناغێکی دیکە لە جەنگ دژی ئێران، لەپاش ئەوەی لەساڵی 2018ەوە بە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا جەنگی ئابوری دەستیپێکرد.
 
بەرەبەیانی دوێنێ هەینی ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕکەوانەوە لە نزیک فڕۆکەوانەی بەغدای پایتەخت هێرشیکردە سەر دو ئۆتۆمبێل و هەریەکە لە قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و هەشت كه‌سی دیكه‌ كوژران.

کوشتنی سولەیمانی دەستپێکی وەرزێکی نوێیە، کە تیایدا جەنگ دژی تاران رادەگەیەندرێت

 

تەخترەوانچی باسی لەوەشکردوە، "کوشتنی سولەیمانی دەستپێکی وەرزێکی نوێیە، کە تیایدا جەنگ دژی تاران رادەگەیەندرێت".

پێشتریش نێردەی تایبەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان  بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی راگەیاندبو، "لەپاش کوشتنی سولەیمانی لەلایەن واشنتنەوە، ئێران مافی خۆی بەکاردەهێنێت لە بەرگریکردن لە خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان".