English | عربي

سەرکردەیەکی یەکێتی دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند


سەرکردەیەکی یەکێتی دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

2019/10/06 | 12:15

(هەواڵ كوردستان)- بە بیانووی ڕێگەگرتنە لە بڕینی مووچەی نایاسایی کادیرانی حزبەکەی

سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بیانووی ڕێگەگرتن لە بڕینی مووچەی نایاسایی کادیرانی حزبەکەی، دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

 

لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیش بە جددی باس لە ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیری چاکسازی لە هەموو کەرتە جیاوازەکان دەکەن، ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (NRT)، بە توندی دژایەتیی خۆی بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاند.

 

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی هەرچەندە بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە چاکسازی پڕۆژەی یەکێتییە و دەبێت لە هەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی بکرێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە لە ماوەی دوو ئیدارەییدا بەهۆی هەلومەرجی ئەوکاتەی کوردستان، هەندێک کار کراون کە ”رەنگە ئەو کارانە بەپێی یاساکانی ئێستا یاسایی نەبن، بەڵام ئێستا دەڵێن با بەوەشدا بێینەوە“.

 

ئارێز عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە ئەگەر چاکسازی بکرێت، هەزاران کادیری یەکێتی کە بە نایاسایی مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، مووچەکانیان دەبڕێت، بۆیە دژایەتیی خۆی بۆ چاکسازی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە: ”رێگە نادەین نانی کادیرانی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت“.

 

پێشووتریش مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی (باس) ڕای گەیاندبوو کە پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ یەکێتی مەترسیدارە، چونکە هەزاران کادیری ئەو حزبە مووچەیان لە حکوومەت دەبڕدرێت.

 

لە بەرامبەردا دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ھیچ لایەنێکی سیاسی نایەوێت دژی پرۆژە یاسای چاکسازی بوەستێتەوە و ھەموو بە پرۆژەی خۆیانی دەزانن.

 

لەبارەی قسەکانی ئارێز عەبدوڵاشەوە گوتی: ”ئەو لێدوانە وەک قسەی یەکێتی وەرناگیرێت“.

 

ڕوونیشی کردەوە کە ”لەنێو خۆیاندا زوڵم لە کادیرانی خۆیان دەکەن، خۆیان بەشێکن لە حکوومەت، لە بری ئەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە، هاتوون بە شێوەی ئیستسنا ژمارەیەک کادیر لەنێو حکوومەت جێگە دەکەنەوە و لەسەر حکوومەت ساخیان دەکەنەوە“.

 

هەرچەندە هێشتا بە فەرمی پڕۆژەیاسای چاکسازی رانەگەیەندراوە، بەڵام بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە لە ئەنجامی ئەم پڕۆژەیەدا، مووچەی ئەو کەسانە دەبڕدرێت کە بە نایاسایی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەو هۆیەشەوە تەنیا یەکێتی بە فەرمی دژی بڕینی مووچەی نایاسایی ناڕەزایی دەربڕیوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending