هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمساڵ سێ ملیۆن دۆنم زەویی دانەوێڵە چێندراوە

ئەمساڵ سێ ملیۆن دۆنم زەویی دانەوێڵە چێندراوە
ئەمساڵ سێ ملیۆن دۆنم زەویی دانەوێڵە چێندراوە

2020-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- ساڵانە لە ھەرێمی كوردستان رووبەرێكی بەرفراوانی زەوی بۆ دانەوێڵە بەكار دێت و، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێ، رێژەی چاندنی دانەوێڵە دڵخۆشكەرە و ئەمساڵیش سێ ملیۆن دۆنم زەویی دانەوێڵە چێندراوە.

حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ساڵانە لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە دەچێندرێت و ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو تا ئێستا سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە و ھێشتاش وەرزی چاندنی دانەوێڵە كۆتایی نەھاتووە، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەكەین رێژەی چاندنی دانەوێڵە زیاتر بێت".

لەبارەی ھاوكاریكردنی جووتیارانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: "لە سەرەتای دەسپێكردنی وەرزی چاندنی دانەوێڵەوە تا ئێستا، پێنج ھەزار و ٢٠ تۆن بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش كراوە، ئەمەش وەك ھاوكاری و پاڵپشتی بۆ جووتیارانی ھەرێمی كوردستان".

حەمەكەریم روونیشی كردەوە: "لە ھەندێ پارێزگای ھەرێمی كوردستانیش پەینی كیمیایی بەسەر جووتیاراندا دابەش كراوە، راستە ئەو ھاوكاریانە بەپێی خواستی ئێمە نییە، بەڵام وەزارەت بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی جووتیاران و گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ".

 

قائید میرۆ