كاكەیی: هەوڵ دەدەین تا 8ـی مانگ ڕاپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە ئامادە بكەین
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە ئەمڕۆ لەگەڵ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبنەوە و، هەوڵ دەدرێت تا (8)ـی مانگ ڕاپۆرت لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە ئامادە بكات.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە لیژنەی دارایی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لەگەڵ ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبینەوە، كە تەواوكەری كۆبوونەوەكانی پێش سەری ساڵە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: "هەوڵ دەدەین پێش 8ی مانگ ڕاپۆرتی خۆمان ئامادە بكەین و پێشكەش بە لیژنەی یاسایی بكەین، بۆ ئەوەی لیژنەی یاسایی كارەكانی خۆی بكات لەسەر تەواوی ڕاپۆرتەكانی ئەو لیژنانەی كە تایبەتمەندن بە پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی پوخت پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت تا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە ئەنجام بدرێت".
كاكەیی دەشڵێت: "درێژكردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی بە وردی كار لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی بكەین، لەبەر ئەوەی گرنگە لە رووی دارایی و یاساییەوە و هەروەها گرنگیشە بە یەكدەنگی كاری لەسەر بكەین، بۆ ئەوەی تا 8 ی مانگ ڕاپۆرتەكەمان ئامادە بێت".
رۆژی پێنجشەممەی (١٢-١٢-٢٠١٩) حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكەی ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد و، رۆژی 16ی مانگیش پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاساكە كرد، كە لە هەشت بەش و 19 ماددە پێك هاتووە.
نەشوان بەرزنجی