هەواڵی کوردستان ئێستا

"ئەمساڵ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن"

"ئەمساڵ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن"

2020-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ بەشێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان گرد بوونەوە و داوایان کرد، دابمەزرێن. بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش ئاشکرای کرد، ئەمساڵ حکوومەت کار بۆ دامەزراندنیان دەکات.

دکتۆر گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ٧٠ھەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ھێشتا دانەمەزراون، بەڵام ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان پلانی ھەیە."

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەشڵێت: "پلانەکە لە چەند لایەکەوە کاری لەسەر دەکرێت، یەکەم دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بندیوار و ئەوانەی کە زیاتر لە یەک مووچەیان ھەیە، شوێنیان پڕ دەکرێتەوە، داھاتی زیاتریش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە."

دکتۆر گەلاوێژ عوبێد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پلانێکی دیکەی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە، سندووقی خانەنشینی و ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنانە، کە دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان فەراھەم دەکات و ئەوانەیشی لە کەرتی تایبەت کاریان دەست دەکەوێت، ھەمان ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی حکوومەتیان دەبێت."


قائید میرۆ