هەواڵی کوردستان ئێستا

دیاری حسێن: دوورنییە کەرکووک بکەوێته‌ دەست داعش.. بە بارودۆخی گەشبین نین

دیاری حسێن: دوورنییە کەرکووک بکەوێته‌ دەست داعش.. بە بارودۆخی گەشبین نین
دیاری حسێن: دوورنییە کەرکووک بکەوێته‌ دەست داعش.. بە بارودۆخی گەشبین نین

2020-01-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


کەرکووک-KDP.info-  جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی، پێیوایە بە راگرتنی جموجوڵەکانی هاوپەیمانان دژی داعش، ئەو رێکخراوە لە کەرکووک پەرەدەسێنێ و بارودۆخی شارەکەش زیاتر نائارامی بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات هۆکاری کۆنەبوونەوەشیان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسی شارەکە، بۆ دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیران دەگێڕێتەوە.

دیاری حسێن، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی کەرکووک رۆژ لە دوای رۆژ لە خراپتربووندایە، چ لە رووی ئەمنی، چ لە رووی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، کە تا ئێستاش تەعریب بەردەوامە، داعشیش جموجووڵیان زیادی کردووە، بەو پێیەی ئەمشەو پەلاماری بنکەیەکی سەربازیان داوه‌.

ناوبراو وێڕای جەختکردنەوەی قبوڵنەکردنی بارودۆخی کەرکووک، بەو پێیەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر پرسی شارەکە کۆبوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا کۆبوونەوەکان راگیراون، هۆکاری ئەوەشی بۆ دەست لەکار کێشانەوەی عاد عەبدولمەهدی گێڕایەوە، کە دەستی لە پۆستی سەرۆکوەزیران کێشاوەتەوە و کار بە رێکەرە و دەستەڵاتی نییە، تا لەگەڵیدا بکەونە رێککەوتنێک بە جێبەجێبەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، هەربۆیەشە وەکو کورد لە ئێستادا لە بارودۆخی کەرکووک گەشبین نین، نایشارێتەوە، کە دەستی وڵاتانیش لە شارەکەدا هەیە، وێڕای ئەوەی هەریەکە لە پێکهاتەی عەرەب و تورکمان کە قسەی جیاوازیان لەسەر بارودۆخی شارەکە هەیە، لە کاتێکدا تەنیا کورد نەبێت، کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی روون و دیاریکراویان لەمەڕ ئەو پرسە هەیە، کە ئەویش جێبەجێکردنی دەستوورە.

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی کەرکووک_ گەرمیانی پارتی، پێیشیوایە ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کاریگەری خراپتری لەسەر کەرکووک دەبێت، چونکە هاوپەیمانان بڕیاری راگرتنی جەنگیان دژ بە داعش لە عێراق داوە، ئەوەش وا دەکات، شانە نوستووەکانی داعش لە شارەکە بکەونەوە جموجۆڵ، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە تا پێشمەرگە لە شارەکەدا بوون، چەندجارێک داعش هێرشیان کردووە، بەڵام بە تووندی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بەرپەرچ دراونەتەوە، ئەوەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش ببووە هۆی پاراستنی شارەکە لە مەترسییەکانی داعش، هێزەکانی ئەمەریکا بوون، بەڵام دوای ئەو بڕیارەی ئەمەریکا، شارەکە لە رووی ئەمنییەوە پارێزراو نابێت، دەشبێ چاوەڕێی ئەوە بکرێت، کە داعش پەلاماری کەرکووک بدات و زیانێکی زۆر بە شارەکە و هاووڵاتیانی بگەیەنێت، دووریش نییە کەرکووک وەک جاران چۆن تکریت و حەویجە و رومادی کەوتنە دەست داعش، بەو شێوە ئەو شارەش بکەوێتە دەستیان.

 

خێڵان بەختیار