شاڵاو عەلی عەسكەری: كورد بە یەكدەنگی و یەكگوتاری ئامانجەكانی دەپێكێت
هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بە یەكدەنگی و یەكگوتاری ئامانجەكانی دەپێكێت و دەشڵێ، كورد هەر كێشەیەكی لە ناوخۆدا هەبێت، پێویستە لە نێو ماڵی خۆیدا شیكار و چارەسەری كێشەكانی بكات.
شاڵاو عەلی عەسكەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد بە یەكڕیزی دەگاتە زۆر ئامانج، لە ئێستاشدا كێشە زۆر روونە، كە لە نێوان ئەمەریكا و نەیارەكانیدایە، بۆیە یەكڕیزیی كورد لە هەموو كاتێك پێویستترە، بێتەوە بیرمان كاتێك چووینە بەغدا بە یەكڕیزی، فیدڕاڵیمان چەسپاند، بابەتی بودجەمان جێگیر كرد، ماددەی 140ـی ناوچە جێناكۆكەكانمان چەسپاند، لەبەر ئەو هۆكارانە یەكڕیزی لە هەموو شتێك گرنگترە لە نێو ماڵی كوردیدا."
بە بڕوای ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كورد ئەگەر یەكڕیز بێت و تێگەیشتنی هەبێت لەم بارودۆخە، دەتوانێت بڕیارەكان بە ژیرانە و ئاقڵانە بدات، كە لەم حاڵەتەدا خەڵكانی نەیار نهتوانن دەستتێوەردان بكەن، بۆیە زۆر گرنگە هەر چ ناكۆكییەك لە ناوخۆ هەیە، هەر لە نێو خۆدا چارە بكرێت و نەبردرێتە دەرەوە.
عەسكەری گوتیشی: "كورد دەبێت باڵانس ڕابگرێت، دەزانین كە بكەوینە بەینی ئەم بەرداشەوە، لە وانەیە پان ببینەوە، بۆیە زیاتر پێویستە دژایەتیی شەڕ بكەین لە ناوچەكەدا، بۆ ئەوەی شەڕ ڕوو نەدات و زمانی عەقڵ حوكم بكات و نەبینە بەشێك لە شەڕەكە و پێویستە دژایەتیی هیچ لایەك نەكەین، لە ڕاستیشدا هەردوو لا یارمەتیی كوردیان داوە، دەشێ لە نێو ماڵی خۆماندا كورد شەڕی ببێت لەسەر شێوازی حوكمڕانی و دیموكراتی و هەر بۆچوونێكی دیكەی جیاواز، بەڵام بۆ دەرەوەی كوردستان بە تایبەتیش لە گەڵ نەیارەكانمان و تەنانەت ئەگەر دۆستیش بن، ئێمەی كورد دەبێت بە یەكدەنگی بڕۆینە پێشەوە."
فایزەكۆیی