هەواڵی کوردستان ئێستا

"وڵاتان بە چاوێکی ئەرێنییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن"

"وڵاتان بە چاوێکی ئەرێنییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن"

2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی -KDP.info- ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، ئەمەریکا لە ئێستا و لە داهاتووشدا هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ده‌بێت، چونکە ئەوە ڕوونە کە ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەولێرەوە سەرچاوە دەگرێ، واتا سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە و جیهانیش.

له ‌دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داسەپاوی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەو کێشە و ئابلوقەیەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنرابوو، بە هەوڵ و كۆششی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نەک هەر کۆتایی بە ناخۆشییەکان هات، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەرەو ئامانجێکی تر هەنگاوی نا، کە ئاسایش و ئاشتی و ئاوەدانییە، بۆیە بەشێک لە سیاسەتمەدار و کەسانی ناو کاری سیاسی پێیان وایە، ئەوانەی ڕۆژانێک دەیانویست کۆتایی بە حوکمڕانیی هەولێر بێنن و دەیانگوت، هەرێم کۆتاییی هاتووە، لە واقیعدا خەریکە ئەوان ئاوا دەبن و هەولێر لە شوێنی خۆیەتی، قەبارە و سەنگیشی لە ڕووی دیپلۆماسی و حساباتی سیاسیی ناوچەکەوە چەند هێندەی بەغدایە و لە پای تەرازووی حساباتی سیاسیی ناوچەکەش، ئێستا هه‌ولێر سەنگی مەحەکە.
له‌وباره‌یه‌وه،‌ موئەیەد تەیب، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا: "ئەوە لای ئه‌مەریكا ئاشكرایه‌ کە هەرێمی کوردستان به‌راورد به‌ گشت ناوچەکانی دراوسێ ئەمنتر و سەقامگیرترە، لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان هەیە، ڕێز لە مرۆڤ و مافەکانی دەگیرێ، دیموکراسییەک هەیە کە بۆ هەموو چاودێرانی ئەم ناوچەیە جێگای ڕێزە و، ئازادیی سیاسی و بیروڕادەربڕین و پێکەوەکارکردن هه‌یه‌، هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی باشی هەیە له‌لای وڵاتان و خه‌ڵكی جیهان، کەوایە ئەمەریکا و وڵاتانی زلهێز بە ئەرێنی سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و لە ئێستا و لە داهاتووشدا هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ده‌مێننه‌وه‌.

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و ده‌ره‌نجامه‌كانی
موئەیەد تەیب، لەبارەی سەرهەڵدانەوە و دووبارە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ناوچە کوردستانییەکان و تێڕوانین و ئەجێندای وڵاتانی هاوپەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "داعش نەک هەر مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو مەترسییە بۆ هەموو جیهان، لەبەر ئەوە گومانم نییە کە هاوکاریی ئەمەریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەرێمی کوردستانیش ئه‌زموونێكی باشی هەیە لە شەڕ و لە بەرگری، بۆیە ئەگەر داعش هێرش بۆ هەرێمی کوردستان بکات، ئەوا هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیی تەواودایە و ئەزموونیشی هەیە، کەوایە شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئاسانتر دەبێت.

ئاینده‌ی میلیشیاكان
موئه‌یه‌د ته‌یب دەربارەی پێویستیی عێراق به‌ حشدی شه‌عبی و داهاتوویان گوتی: "لە ڕاستیدا عێراق پێویستی بە حەشدی شەعبی نەبووە، چونکە عێراق ده‌وڵه‌تە و خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی خۆیه‌تی، دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌یه‌ ناوی لەشکری عێراقی، یان جەیشی عێراقییە، بۆیە ئەگەر خۆبه‌خشیش پێویست بووبێت ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ له‌وماوه‌یه‌دا بوو، کە خەڵک هەڵچوونی هەبوو، دەبووایە ئەو خۆبه‌خشانه‌ لەژێر ئاڵای عێراقدا ڕێك بخرێن، لە ولاتێکی دیموکراسیدا نابێ سوپا هەبێت و لە لایەکی تریشەوە میلیشیا هەبێت، ئەگەر لەژێر هەر ناوێکدا بێت، لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسی دوو لەشکر و سێ لەشکر نییە، بۆیە بوونەتە بەڵای سەری عێراقییەکان، کە سەرۆکوەزیران و خەڵک دەڵێت با چەک لە دەست دەوڵەتدا بێت، مەبەست ئەوەیە کە چەک لە دەست میلیشیادا نەبێت، بۆیە پێویست بە حەشدی شەعبی ناکات و لەشکری عێراقی بەسە.
دەشڵێ، حەشدی شەعبی نە پارێزگاری لە عێراق دەکات و نە لەژێر دەسەڵاتی عێراقدایە، هەرچەند ئەوان دەیانویست حەشدی سوننەش دامەزرێنن، هەروەک چۆن حەشدی مەسیحی و حەشدی عەشایرییان دامەزراندووە، بۆیە حەشد دامەزراوەیەکە لە دەست دەوڵەتی عێراق نییە.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
موئەیەد تەیب، لەبارەی ڕۆڵ و پێگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە گوتی: "پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی چاونەترس و خۆنەویست بۆ پارێزگاریی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئەرکدا بووە و بەردەوامە، پێشمەرگە ناوێکی پیرۆزە و لای خەڵک خۆشەویستە، پێشمەرگە مێژووی هەیە لە فیداکاری و لە قوربانیدان، پێشمەرگە ڕێزی هەیە لای خەڵکی کوردستان. ئێستا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستاندان.

بیانووی بوونی په‌كه‌كه‌
له‌باره‌ی ئه‌جێندای توركیا له‌ عێراق و باشووری كوردستان و بیانووی بوونی په‌كه‌كه‌ له ‌باشوور، موئه‌یه‌د ته‌یب ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا: "ئێستا تورکیا کێشەی لە ناوخۆدا هه‌یه‌، کە ئەویش مافی کوردە، تا ئەم کێشەیە چارەسەر نەبێت، تورکیا ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، لەجیاتی ئەوەی تورکیا بچێتە خاکی سووریاوە و هەنگاو بنێتە ناو کوردستانی عێراقەوە، باشترە لەگەڵ پەکەکە کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات و پەکەکەش بەڕاستی ئیشی نییە بە باشووری کوردستان، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە تا پەکەکە بێت و چارەسەری بکات، بۆیە دەبێ پەکەکە ڕێز لە هەرێمی کوردستان بگرێ و ڕێز لە پێشمەرگەی کوردستان بگرێ، ئەم هەرێمی کوردستانە حکوومەتی هەیە، پەرلەمانی خۆی هەیە، لەشکری خۆی هەیە، پەکەکە نابێ ببێتە سەبەبی تێکدانی ئارامیی ئەم هەرێمە، بۆیە ئه‌گەر پەکەکە لە گۆڕەپانی خۆی خەبات بکات، زیاتر جێگەی دەبێت، نەوەک لە هەرێمی کوردستان.

16ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌ره‌نجامه‌كانی

موئه‌یه‌د ته‌یب، له‌باره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌ره‌نجامه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا: "ئەوەی لە 16 ئۆکتۆبەر ڕووی دا کارەساتێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ هەموو کوردێک لەبەرچاوی هه‌موو جیهان، بەڵام دوای ئەوەی جارێکی تر هەرێمی کوردستان ئەو خەونەی لە گۆڕ نا کە عەبادی و هەندێ کەسی تر هەیانبوو، کە گوایە فیدڕاڵیەت نەماوە و بە داگیرکردنی کەرکووک هەرێمی کوردستان نامێنێت و ئەوە ڕاست دەرنەچوو، ئێستاش لەو ناوچانە لە هەموو کاتێک زیاتر ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش نرخ و بایەخی پێشمەرگە دەزانن، حکوومەتی عێراق ئێستاش لە گفتوگۆدایە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی لەشکری عێراقی تیدایە، چونکە به‌بێ بوونی پێشمەرگە بۆشاییه‌ك پەیدا بووە کە تەنیا داعش و دوژمنانی عێراق سوودی لێ دەبینن، ئێستا ئەوە سه‌لمێنراوه‌ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ناتوانن ئارامی و ئاسایش دابین بکەن، بەڵام پێشمەرگە بەتەنیا ئەو ناوچانەی دەپاراست، کەوایە بوونی پێشمەرگە لە هەر شوێنێک، بە واتای پاراستنی ئەو شوێنەیە.

ئارامی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و بایه‌خی بۆ ناوچه‌كه‌
ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دەر‌باره‌ی بایه‌خی ئارامی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ بووەته‌ په‌ناگه‌ی ئاواره‌ و لێقه‌وماوانی ناوچه‌كه‌ گوتی: "هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئارام و سەقامگیرە‌، بۆیە وەک ئارامگەی سەدانهەزار ئاوارەیە و خەڵک بە ئارامی تێیدا دەژین، واتا سوننە و شیعەش ئەوە دەبینن، کە لە دژایەتیی هەرێمی کوردستان هیچیان پی ناگات و هەر دەبێ بێنەوە بۆ ماڵە پر ئارامی و ئاسایشەکەی هەریمی کوردستان و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە تا ئیستا ئەوەی چەسپاندووە، کە هەرێمێکی گرنگە و ژیان تێیدا پارێزراوە و، بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەر نابێت."
زریان کەماڵ