هەواڵی کوردستان ئێستا

بازگەکانی هەولێر دادەخرێنه‌وه‌و تەنها بە رێگەپێدان هاتووچۆ دەکرێت

بازگەکانی هەولێر دادەخرێنه‌وه‌و تەنها بە رێگەپێدان هاتووچۆ دەکرێت
بازگەکانی هەولێر دادەخرێنه‌وه‌و تەنها بە رێگەپێدان هاتووچۆ دەکرێت

2020-08-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لەدوای هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک، رێکارەکان توندتر دەکرێنەوە و لەدوای کاتژمێر 12ی ئەمشەو لە بازگەکانی هەولێر بەبێ رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی وەزارەتی ناوخۆ، رێگا نادرێت هیچ کەسێک داخڵی ناو شاری هەولێر بێت.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆ، راگرتنی هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوام دەبێت و هاتوچۆکردن لەکاتی زۆر پێویست بەپێی سیستمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی دەبێت، هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بۆ ماوەی یەک هەفتە بەتەواوی رادەگیرێت، ئەم بڕیارانەش لە کاتژمێر 12ی ئەمشەو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بەیانی ژمارە 46ی وەزارەتی ناوخۆ کە دەرچووە، وەک پارێزگای هەولێر بەتەواوی وەک خۆی جێبەجێی دەکەین بەبێ هیچ دەستکاریکردن و گۆڕانکارییەک پێوەی پابەند دەبین".

چەند رۆژێکە لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەت بازگەکانی دێگەڵە و سماقوڵی، ئاسانکاری زۆر بۆ هاتوچۆکردنی هاووڵاتییان دەکرێت و هەندێک تاکسی هاتوچۆی نێوان شارەکانیش دەستیان بەکارکردن کردبووەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، جارێکی دیکە رێکارەکان توند دەکرێنەوە و لە بازگەکانی سنووری هەولێر بۆ چوونە دەرەوە لە شارەکە و هاتنە ناوەوەش رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی داوادەکرێت و هەرکەس رێپێدانەکەی نەبێت رێگای نادرێت هاتوچۆ بکات.

بەپێی دوایین ئاماری بڵاوکراوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، 14 هەزار و 816 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون کە لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 413 کەسیان چاکبوونەتەوە و 574 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.