پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دەیان پیرۆزباییی ساڵی تازەیان پێ گەیشتووە
هەولێر-KDP.info- مەکتەبی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی جەژنی ساڵی تازەوە دەیان پیرۆزباییان لە ئاستی دەرەوە پێ گەیشتووە.
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی کریسمەس و ساڵی تازەی ٢٠٢٠وە، بە دەیان پیرۆزبایینامەی ئاراستەی دۆستانی کوردستان و کۆنتاکتەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆی کرد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە باڵوێزخانە و کونسووڵخانە گشتییەکان و نوێنەرانی ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و، ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان و پارتە سیاسییەکانی ئەورووپا و جیهان و، پەرلەمانتاران و دامەزراوەگەلی حکوومی و ناحکوومی و ڕێکخراو و بلۆکبەندیی پارتە سیاسییەکانی سەر بە (سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ، لیبەراڵ ئینتەرناشناڵ، پارتە دیموکراتەکانی جیهان و پارتە میانڕەوەکان و کەسایەتییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئەکادیمییەکان و، کارسازان و، میدیاکاران و کەسایەتییە چالاکەکانی نێو ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا و دامەزراوەکانی شیکاری و ستراتیژیی وڵاتان و دۆستانی کێشەی ڕەوای کورد لەسەر ئاستی جیهان کرد، کە بەهۆیەوە دەیان پیرۆزبایی ساڵی تازە لە ڕێگەی دێسکی ئەورووپا و دێسکەکانی تری مەکتەوەبە گەیشتنە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کە جیا لە پیرۆزباییکردن لە گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی (پ.د.ک) و پێکهاتەگەلی ئیتنی و نەتەوەیی، بە بۆنەی کریسمەس و ساڵی تازەی زایینەوە و بەرزهەڵسەنگاندنی چەسپاندنی پرەنسیپی کەلتووری بەرزی پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان گشت پێکهاتەگەلی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە سایەی پەیڕەوکردنی سیاسەت و حوکمڕانیی مەدەنی و شارستانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەروا دۆستانی کوردستان لە پەیامەکانیاندا ئاواتی جیهانێکی ئارام و سەقامگیرتر و دوور لە تێرۆر و توندوتیژی بۆ گەڵی کورد و مرۆڤایەتی لە ساڵی ٢٠٢٠دا خستووەتە ڕوو، لە زۆرینەی پەیامەکانیشیاندا بە گەشبینیشەوە دەڕواننە بەرەوپێشچوونی ئاشتیی ناوخۆیی و سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی گەڵانی هەرێمی کوردستان و دیدگا و پابەندبوونی خۆشیان پێشان داوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی دۆستانە و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ ئەزموونی دیموکراسی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.