هەواڵی کوردستان ئێستا

هاوشێوەی قەندیل پەکەکە شنگالیش دەکاتە ناوچەیەکی سەربازی

هاوشێوەی قەندیل پەکەکە شنگالیش دەکاتە ناوچەیەکی سەربازی
هاوشێوەی قەندیل پەکەکە شنگالیش دەکاتە ناوچەیەکی سەربازی

2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

چەندین تونێل و ژێرزەمین لە شاخەکە لێ دەدات

بە هاوکاریی حەشدی شەعبی، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، چەندین تونێل و ژێرزەمین لە شاخی شنگال لێ دەدەن و هاوشێوەی قەندیل دەیکەن بە سەربازگە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی ناوچەکە، بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) چوونەتە چیای شنگال و بە هاوکاریی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بە کەرەستەی سەربازیی ئەوان، چەندین تونێل و ژێرزەمینیان لە شاخەکە لێ داوە.


سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو سەربازگانەی پەکەکە لە ناوچەکە دایمەزراندوون، لەوە ناچێت لە بەرنامەیدا بێت شنگال چۆڵ بکات و دۆخێکی ئارام بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە، لەکاتێکدا پێشتر بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داوای چۆڵکردنی شارەکەی لێ کراوە.


چیای شنگال 1465م لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە نێوان سنووری سووریا و کوردستانی عێراق، بە یەکێک لە ناوچە ستراتیژییەکانی شەڕ دادەنرێت و لە جەنگی دووەمی کەنداودا، عێراق 39 مووشەکی لێوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، هاوکات ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە و دوو شوێنی شاخەکەی مووشەکباران کردووە، بەو هۆیەوە شارەزایانی سەربازی پێیان وایە، بەسەربازگەکردنی ئەو شاخە لەلایەن هێزە نەیارەکانی ئەمەریکاوە، مەترسیی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دروست دەبێت.


پەکەکە یەکێکە لەو هێزانەی، کە لە ساڵی رابردوودا بۆ پێنج ساڵی دیکە خرایەوە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکاشەوە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ هەر کەسێک تەرخان کرا کە زانیاری لەبارەی شوێنی سێ سەرکردە ناسراوەکەی پەکەکە (جەمیل بایک، دۆران کاڵکان، موراد قەرەیلان) بدەن بە هێزەکانی ئەمەریکا.


لەمبارەیەوە شێخ شامۆ، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان، بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە دەستی کردووە بە دروستکردنی تونێل و ژێرزەمین و سەربازگەی زۆر لە شاخی شنگال، بەشێوەیەک بووەتە قەندیلێکی دیکە بۆ پەکەکە، گوتی: ”ئەو کارانەی پەکەکە مەترسیی گەورەی بۆ سەر شنگال دروست کردووە و بووەتە هۆی نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکانیش، کە ئێستا 85٪یان بگرە زیاتریش ئاوارەن لە هەرێمی کوردستان و لەبەر ئەو سیاسەتەی پەکەکە، کە بە ناوی پاراستنی شنگال لە کاتی شەڕی داعش هاتووە و ئێستاش خۆی بووەتە داگیرکەر، ئەوەش رای زۆرینەی ئێزدییەکانە لەبارەی ئەو هێزەوە“.


شێخ شامۆ، ئاشکراشی کرد، گلەیی و ناڕەزاییەکانی خەڵکی (شنگال)یان گەیاندووەتە بەرپرسانی عێراقی و ئەوانیش دانیان بە بوونی هێزی نامۆ و گرووپی جیاواز لە ناوچەکەدا ناوە و بەڵێنیان داوە، کە بە هەماهەنگیی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی شنگال بۆ دۆخێکی ئاسایی بگەڕێننەوە، بەڵام بوونی ئەو سەربازگانەی پەکەکە ناوچەکەی خستووەتە بەردەم تۆپبارانی تورکیا و تا ئاستی لەشکرکێشی و شەڕی مەترسیداری بردووە، گوتی: ”پەکەکە بەو تونێل و سەربازگانە، کە شنگالی کردووە بە قەندیلێکی دیکە، بیانووی تەواوی داوەتە تورکیا کە بەردەوام هاوشێوەی قەندیل تۆپبارانی ناوچەکە بکات و نائارامیی زیاتر بۆ شنگال دروست بێت“.


لای خۆشیانەوە، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئامانج و ئەجێندای پەکەکە دابڕانی شنگالە لە هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”ئەو هێزانە هاوشانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەجێندای دژ بە خەڵکی ناوچەکە و کوردانی ئێزدی و هەرێمی کوردستان پیادە دەکەن و دەیانەوێ بە بەسەربازگەکردنی شنگال ناوچەکە بەتەواوی لە هەرێمی کوردستان دوور بخەنەوە و بیکەن بە ناوچەیەکی شەڕ، بەوەش بیانوو بدەنە دەستی تورکیا، تاوەکوو تۆپباران و هێرش بکاتە سەر شنگال بارودۆخەکەی بە نائارامی بمێنێتەوە، کە وا دیارە ئەو دۆخە نائارامە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، بۆ کاری نایاسایی و مانەوەیان لەو ناوچانە”.