قایمقامی خانەقین دەگۆڕدرێت و عەرەبێك دەخرێتە شوێنی
خانەقین-KDP.info- دوای 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، زۆربەی بەرپرسە ئیدارییەكانی كورد لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە و كەسانی عەرەب و توركمان لە شوێنیان دانراون، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتیش دەڵێ، ئیدارەی پارێزگای دیالە قایمقامی خانەقین خانەنشین دەكات و عەرەبێك لە شوێنی دادەنێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "لە لایەن پارێزگای دیالەوە محەممەد مەلا حەسەن قایمقامی خانەقین ئاگادار كراوەتەوە كە خانەنشین دەكرێت و، لە شوێنی ئەو كەسێكی عەرەب دیاری كراوە بكرێتە قایمقامی شارەكە".
لە پاش 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 زیاتر لە 35 گوندی كوردنشین چۆڵیان كردووە و بەعەرەب كراون، سیاسەتی عەرەباندنیش لە خانەقین زۆر بە بەرنامەڕێژی كاری لەسەر دەكرێت.
شێخ مستەفا دەڵێ، ئەگەر بێت و قایمقامی خانەقین بكرێتە عەرەب، ئەوا بەعەرەبكردن زیاتر دەبێت، كە تا ئێستا 35 گوندی كوردی ناوچەكانیان چۆڵ كردووە بە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیانەوە و، عەرەب هێندراون لە شوێنیان نیشتەجێ كراون، بۆیە خەریكە بە تەواوەتی عەرەب كۆنتڕۆڵی شارەكە دەكات.
ناوبراو گوتیشی، بەپێی بەركەوتەش بێ، قایمقام پشكی كوردە، بەڵام ئیدارەی پارێزگای دیالە بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای كورد، بەرپرسەكان لە پۆستە ئیدارییەكان دوور دەخاتەوە و كەسانی عەرەب لە شوێنیان دادەنێت، جگە لە قایمقامی خانەقینیش، چەندین بەرپرسی تری ئیداری بڕیاری لەسەركارلادانیان دراوە.
بەرپرسەكەی پارتی، ئەو ترسەی نەشاردەوە، كە بە دەستبەكاربوونی قایمقامێكی عەرەب، بەرنامە و ڕێكارەكانی بەعەرەبكردن لە خانەقین و دەوروبەری زیاتر و خێراتر بكرێت.
عەزیز ڕەسووڵ