د. بەشیر: ناڵێم هیچ نییە.. پێویست ناكا هاووڵاتیان سەخڵەت بن
بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا خۆیان ئامادە بكەن. دەشڵێ، هەتا ئەم بارودۆخەش ئاسایی نەبێتەوە، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجام نادرێن، دڵنیاییشی لە بەردەوام ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا.
دكتۆر بەشیر حەداد، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بارودۆخی ئێستای عێراق گفتوگۆ و رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و ناوەندی راوەستاندووە، ئەوەی لە ئێستاشدا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا زاڵە، بابەتی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران و گرووپەكانی نێو عێراقن، هەتا ئەم بارودۆخەش بەو شێوە بێت، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا ناكەوێتەوە سەرخەت، ئەوەیشی گوت، گەر بێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا تواندرا لایەنی ئێرانی و ئەمەریكی هێور بكەنەوە، ئەوكات كار بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دەكرێت، بەو پێیەی فشار بخرێتە سەر لایەنەكان تا بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان و خۆپیشاندەران، كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی دیاری بكەن.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، روونی دەكاتەوە، تا ئەم كابینە سەرۆكەكەی كاربەڕێكەر بێت، ناتواندرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، هاوكات پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیش رەوانەی ئەنجوومەن ناكرێت.
دكتۆر بەشیر، جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە بودجەی هەرێم هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر كراوە، هەتا ئەو كاتەی حكوومەتی كاربەڕێكەر نامێنێت، ئەوكات پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشەبودجەی هەرێم مانگ بە مانگ دەنێردرێت، كە لە ٢٠١٩دا چەند بۆ هەرێم نێردراوە، بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق، ناوبراو پێیوایە كە لە پێشبینیكردن دوورە و، دەشڵێ بەو پێیەی عێراق بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكەیشی تێدایە، لەو نێوەندەشدا بە تایبەت ئەمەریكا و ئێران، لەوانەیە نەهێڵدرێت گرژییەكان زیاتر بن، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان، نەك عێراق، بارودۆخەكە هێور بكەنەوە، گرژییەكانیشیان تەنیا لە لێدوانەكانیاندا چڕ بكەنەوە.
دكتۆر بەشیر ئاماژە بەو دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان و ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانی دەدات، كە زیاد لەو بارودۆخە پێی دراوە، وەك خۆی گوتی: "ناڵێم هیچ نییە، بەڵام بە بۆچوونی من بارودۆخەكە بەرەو ئارامی دەچێت، ئەوەش بەو مانایە نا، كە خۆمان ئامادە نەكەین، چ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، چ لایەنە سیاسییەكانیش، ئێمەی پەرلەمانتارانیش دەبێ ئامادە بین، دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتیانی خۆمان، كە شتی خراپ روو نادا و پێویست ناكا سەخڵەت بن".
خێڵان بەختیار