كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینان: بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت دەربارهی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له خزمه‌ت هاووڵاتیاندایه
هه‌ولێر-KDP.info- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی ئه‌و هاووڵاتیانەوە بڵاو ده‌كاته‌وه كه به قیست یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان وه‌رگرتووه. جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانیش ده‌ڵێ، ئه‌و بڕیارانه زۆر گرنگ و ئیجابین و له خزمه‌تی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ن كه یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان به قیست كڕیوه.
به‌پێی نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه ئیمزای سه‌رۆكی حكوومه‌تی له‌سه‌ره و تێیدا هاتووه، به‌هۆی قه‌یرانی دارایییەوە سوودمه‌ندبووانی سندووقی نیشته‌جێبوون پاره‌یه‌كی زۆریان له‌سه‌ر كۆ بووەته‌وه، كه له ساڵی 2016 قیسته‌كانیان نهگهڕاندووەتهوه و داوا ده‌كه‌ن له كاتی هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌ست به دانه‌وه‌ی قیسته‌كانیان بكه‌ن، نه‌ك هه‌موو قه‌رزه‌كان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه بدەنەوە، بۆیه بڕیار درا كه له ڕێكه‌وتی هه‌ڵگرتنی پاشهكهوتەوە قیسته‌كانیان لێ وه‌رگیرێته‌وه و ببه‌خشرێن له سوودی دواكه‌وتن تاوه‌كو ڕێكه‌وتی هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وت و ئه‌و سوودمه‌ندانه‌ی 80% نرخی یه‌كه‌كانیان وه‌رگرتووه، ماوه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قیسته‌كانیان له 10 ساڵ بۆ 20 ساڵ درێژ بكرێته‌وه."
جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینانی كوردستان، هیوا ڕه‌شید، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ده‌ریكردوون، زۆر گرنگ و ئیجابین و له خزمەتی هاووڵاتی كهمدەرامهت و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ن كه یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان به قیست كڕیوه."
هیوا ڕه‌شید گوتیشی: "خه‌ڵكێكی زۆر ده‌هاته لای ئێمه باسی له‌وه ده‌كرد پاره‌ی دانه‌وه‌ی قیسته‌كانیان نییه، جا سوودیشی بێته سه‌ر، بۆیه به‌و بڕیاره هاووڵاتیان ده‌توانن قیسهكانیان بده‌نه‌وه و به دوو جۆریش ئاسانكارییان بۆ كراوه، یه‌كه‌م پاره‌ی زیاتریان لێ وه‌رناگیرێت و دووه‌م ئه‌و قیسته‌ی پێشتر ده‌یاندایه‌وه، مادام بووەته 20 ساڵ له‌جیاتی قیستی ته‌واو بده‌ن، نیوه‌ی ده‌ده‌ن، چونكه 10 ساڵیان بۆ درێژ كراوه‌ته‌وه."
بڵند ئیبراهیم