English | عربي

هێزه‌ عێراقییه‌كان گه‌نجێكى تاقانه‌ى خانه‌قینیان شه‌هید كرد


هێزه‌ عێراقییه‌كان گه‌نجێكى تاقانه‌ى خانه‌قینیان شه‌هید كرد

2017/10/24 | 18:17

(هەواڵ كوردستان)- چالاكوانێكى مه‌ده‌نى: هێزه‌ عێراقییه‌كان ئاڵاى كوردستانیان خسته‌ ژێر پێ و سووتاندیان

پێنجشه‌ممه‌ ڕابردوو، ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانى دانیشتووى شارى خانه‌قین، دژى هاتنى هێزه‌كانى سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبی بۆ شاره‌كه‌یان و سووكایه‌تیكردن و سووتاندنى ئاڵاى كوردستان، خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجام دا و به‌هۆى ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه،‌ گه‌نجێكى تاقانه‌ى شاره‌كه‌ گیانى له‌ ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كى دیكه‌ش بریندار بوون.

سه‌لام عه‌بدوڵا، چالاكوانى مه‌ده‌نى له‌ خانه‌قین، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "پاش هاتنى هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ شارى خانه‌قین، دانیشتووانه‌كه‌ى هه‌ستیان كرد كه‌رامه‌تیان پێشێل كراوه‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى خۆڕسكانه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و له‌ شوێنى خۆى و به‌شێوازى جیاواز ده‌ستیان كرد به‌ ده‌ربڕینى ناڕه‌زایی، وه‌كوو به‌ردبارانكردنى ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نج و سووڕانه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل و ئاڵاى كوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێكى تره‌وه‌".

گوتیشی: "له‌ چوارچێوه‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا، سەعات 4ى ڕۆژى 19/10/2017، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ هاووڵاتییانى شاره‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى (كرندى) له‌ناو بازاڕ كۆبوونه‌وه‌ و به‌ دروشمى (عه‌بادى بۆ ده‌ره‌وه‌ ...

خانه‌قین كوردستانییه‌) ده‌ستیان كرد به‌ هوتاف كێشان و ده‌ربڕینى ناڕه‌زایی به‌ شیعر و هاوار و گوتنه‌وه‌ى دروشمى جیاواز، دواتر خۆپیشانده‌ران بڕیاریان دا بچنه‌ ئه‌و شوێنه‌ى له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ ئاڵاى كوردستانى تێدا خرایه‌ ژێر پێ و سووتێنرا، به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان وه‌كوو وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و سووكایه‌تییه‌ى له‌و شوێنه‌دا به‌ ئاڵاى كوردستان كرابوو".

هه‌روه‌ها گوتى: "خۆپیشانده‌ران داوایان ده‌كرد، ته‌واوى هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ هه‌موو میحوه‌ره‌كان پاشه‌كشێ بكه‌ن، له‌گه‌ڵ دادگاییكردنى حه‌یده‌ر عه‌بادى و ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌گه‌ڵی ڕێككه‌وتوون له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان و مه‌حكومكردنى ڕۆڵى ئه‌مەریكا و ئێران دژ به‌ خه‌ڵكى كوردستان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى هاووڵاتییان له‌نزیك (ئۆرزدى كۆن)ى خانه‌قین، هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر هاووڵاتییانى خۆپیشانده‌راندا، خۆپیشانده‌رانیشیان به‌ دروشمى (بۆ ده‌ره‌وه‌ ...

بۆ ده‌ره‌وه‌) و (بژى پێشمه‌رگه‌) شه‌قامه‌كه‌یان هه‌ژاند، هێزه‌كه‌ش له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌كردنێكى زۆر و به‌ هه‌زارن فیشه‌كیان ته‌قاند، له‌ ئه‌نجامدا گه‌نجێك گیانى له‌ ده‌ست دا و 6 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون".

عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی گوت: "ئه‌و گه‌نجه‌ى گیانى له‌ده‌ست دا، ناوى (محه‌مه‌د نوورى)یه‌ و تاقانه‌ى پێنج خوشك بووه‌ و كارمه‌ندى پۆلیسى خانه‌قین بووه‌، هاوسه‌رگیریى كردووه‌ و له‌پاش خۆى 3 منداڵى لێ به‌جێ ماوه‌".

به‌گوته‌ى ئەو: "تا ئێستا نازانرێت ئه‌و هێزه‌ى ته‌قه‌كانیان كردووه‌، حه‌شدى شه‌عبین یان هێزى سوات یان سوپاى عێراقین، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ جلى سه‌ربازییان له‌به‌ردا بووه‌".

ئاشكراشی كرد: "ئێستا هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ناو شاردا نه‌ماون و دۆسیه‌ى ئه‌منیى شاره‌كه‌ به‌ده‌ست هێزه‌كانى پۆلیس و ئاساییشه‌وه‌یه‌ و دۆخه‌كه‌ ئارام بووه‌ته‌وه‌".

عامر ڕه‌فعه‌ت، ئه‌ندامى پێشووترى لیژنه‌ى ئه‌منیى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌، به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: "هاتنى هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ سنووره‌كه‌ پلانێكى ژه‌هراوییه‌ به‌پاڵپشتیى ئێران بۆ له‌باربردنى ئه‌زموونى كوردستان و په‌كخستنى پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان".

گوتیشی: "ڕۆژى 16/10/2017 كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان به‌رپرسانى ئیدارى خانه‌قین و پێشمه‌رگه‌ و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبی ئه‌نجام دراوه‌ و تێیدا ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێككه‌وتنى نێوان كورد و حكوومه‌تى ناوه‌ندى پێش ساڵى 2014، له‌و ڕێككه‌وتنه‌شدا غه‌در له‌ كورد كراوه‌ و له‌ كاتى خۆشیدا ته‌حه‌فوزم له‌سه‌رى هه‌بووه‌".

هاوكات قایمقامیه‌تى قه‌زاى خانه‌قین له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى شارى خانه‌قین، ڕێككه‌وتووین دۆسیه‌ى ئه‌منیى ناوشار به‌ده‌ست هێزه‌كانى پۆلیسی محه‌لى و ئاساییشه‌وه‌ بێت و سوپاى عێراق دۆسیه‌ى ئه‌منیى ده‌ره‌وه‌ى شار بگرێته‌ ئه‌ستۆ".

به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: "هیچ هێزێكى سه‌ربازى و چه‌كدار نایه‌نه‌ شاره‌كه‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ كه‌ژاوه‌یه‌كى نه‌ناسراو نادرێت بێته‌ شاره‌كه‌وه‌ به‌بێ ڕێككه‌وتنى ئه‌منیى پێشوه‌خت".

 

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending