هەواڵی کوردستان ئێستا

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ بنکەیەکی سەربازی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانان لە هەولێر نیە

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ بنکەیەکی سەربازی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانان لە هەولێر نیە
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: هیچ بنکەیەکی سەربازی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانان لە هەولێر نیە

2020-01-08 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

ئه‌مینداری گشتی  وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، دو موشه‌كی ئێران له‌ هه‌ولێر کەوتونەتە خواره‌وه‌ و یه‌كێكیان له‌نزیك به‌رده‌ڕه‌ش و ئەو دیکەیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتوەتە خوارەوە، دەشڵێت، "هیچ بنکەیەکی سەربازی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانان لە هەولێر نیە".

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی پاسداران هێرشی موشەکیان بۆ سەر بنکەی عەین عەسەد و بنکەی سەربازی ئەمریکا هەولێر ئەنجامداوە.

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، دو موشه‌كی ئێران له‌ هه‌ولێر کەوتونەتە خواره‌وه‌، یه‌كێكیان له‌نزیك قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش و دور له‌شوێنی نیشته‌جێبون کەوتوە و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنه‌كه‌وتوەته‌وه‌، موشه‌كێكی دیكه‌شیان له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كه‌وتوەته‌ خواره‌وه‌و نه‌ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

پێشتر شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، شه‌وی رابردوو 22 موشه‌ك ئاڕاسته‌ی عێراق كراون، 17 موشه‌ك بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د، پێنج موشه‌ك بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌ریر بون.

جه‌بار یاوه‌ر لەبارەی بونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر باسی لەوەشکرد، "هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ری هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان بونی نییه‌، بەڵکو ئەو هێزانە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە".

رونیشیکردەوە، "هیچ هێزێكی شه‌ڕكه‌ری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان نیه‌، به‌ڵكو بنكه‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی عێراق هه‌یه‌، ئه‌و بنكه‌یه‌ش هه‌ماهه‌نگی بۆ كاتی شه‌ڕ ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش ته‌نها راوێژكارو مه‌شقپێكار هه‌یه‌".