كەركووك.. فەرماندەی لیوای 45ی سوپای عێراق كوژرا
داقووق-KDP.info- ئەمڕۆ بە هۆی تەقینەوەیەك لە سنووری داقووق، فەرماندەیەكی سوپای عێراق كوژرا و سێ پاسەوانیشی بریندار بوون، بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، دۆخی ئەمنیی كەركووك بە تەواوی تێكچووە، بە تایبەت لە سنووری داقووق و دەوروبەری كەركووك، كە داعش بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە و چەندین جار كردەی تیرۆریستی و تەقینەوەیان ئەنجام داوە.
لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ 8/1/2020، لە گوندی ئیفتیخاری سەر بە قەزای داقووق، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراوەوە فەرماندەی لیوای 45ی سوپای عێراقی كوژرا و سێ لە پاسەوانەكانیشی بریندار بوون و بەپەلە گەیەندراونەتە نەخۆشانەی قەزاكە.
لای خۆشیەوە، عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دۆخی ئەمنیی كەركووك بە تەواوی تێكچووە و داعش بە شێوەیەكی بەرچاو سەری هەڵداوەتەوە، بە تایبەت لە دەوروبەری كەركووك، چونكە لە سنووری داقووق گوندی عەرەبی لێ نزیكە و شوێنی داعشە و داعشی تێیدا گەلێك زۆرە.
كەركووكی گوتیشی، ئەمە جاری یەكەم نییە داعش كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات و، چەندین جاری دیكەش تەقینەوە و هێرشیان ئەنجام داوە و پێش دوو رۆژیش هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و سێ پۆلیسان كوشت.
بڵند ئیبراهیم