"كورد بێلایه‌نه و نایه‌وێت هاووڵاتییەکانی ببنه قوربانی"
هه‌ولێر-KDP.info- ماموستایه‌كی زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین گوتی، كورد به كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌توانێ كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یران و مه‌ترسییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكاته‌وه و په‌یامی خۆشی به یه‌كگرتوویی به هه‌موو وڵاتان بگهیەنێت، كه كورد بێلایه‌نه و نایه‌وێت هاووڵاتییەکانی ببنه قوربانی.
چاودێری سیاسی و ماموستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر عیسا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ین، قه‌یرانی گه‌وره هه‌ن، بۆیه ئه واقعه‌ی هه‌یه، پێویسته هه‌موو كورد یه‌كده‌نگ بن، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی قه‌یرانه‌كانی عێراق له هه‌رێمی كوردستان زیاتر نه‌بن و ئه‌گه‌ر په‌رته‌وازه‌یی هه‌بێت، هه‌رێمی كوردستان له‌م بارودۆخه زیانی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و یه‌كهه‌ڵوێستییه‌ی ئێستا هه‌یه كاریگه‌ری و مه‌ترسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌متر ده‌كاته‌وه."
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر عیسا گوتیشی: "قه‌یرانه‌كانی عێراق به جۆرێكن، پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كده‌نگ بن و به ته‌نها به لایه‌نێك ناكرێت، ڕاسته كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام كۆدهنگییهكهی لایه‌نه‌كان وا ده‌كات كاریگه‌رییه‌كانی كه‌متر بێت نه‌ك زۆرتر، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه وا ده‌كات مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێم كه‌م بێته‌وه."
عیسا باسی له‌وه‌ش كرد: "ئێستا عێراق بووەته به‌شێك له ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی باشه تا ئێستا بێلایه‌نیی هه‌ڵبژاردووه و لایەنەکان بە به‌رده‌وامبوون له كۆده‌نگی ده‌توانن هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسییه‌كان بپارێزن و ڕێگه نەدرێت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ببنه قوربانی."
گوتیشی: "ئه‌و فڕۆكهیەی قاسم سلێمانیی كردووەته ئامانج له قه‌ته‌ر هه‌ڵساوه و له به‌غدا كراوه‌ته ئامانج، کەچی ئێران له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه بكاته ئامانج، هێرشی مووشه‌كی ده‌كاته سه‌ر هه‌ولێر، بۆیه پێویسته كورد بێلایه‌نیی خۆی بپارێزێت بۆ ئه‌وه‌ی تووشی مه‌ترسی نه‌بێتەوە. هەروەها پێویسته كورد یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كگوتار بێت و په‌یام به ئێران و ئه‌مه‌ریكاش بگهیەنێت كه كورد نایه‌وێت ببێته شوێنی ململانێ و سیاسه‌تی كورد بێلایه‌نییه و دژی ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی کوردستان ببنه قوربانی."
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "به نیگه‌رانییه‌وه ته‌ماشای ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ین و گرژی و توندوتیژی له ناوچه‌كه هه‌یه، ئه‌مه‌ش وای كردووه ناوچه‌كه به‌ره‌و كه‌شێكی نائارام و ناسه‌قامگیر بچێت."
سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتیشی: "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه هێور ببێته‌وه و ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه و ئەركی لەپێشینهمان پاراستنی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت."
بڵند ئیبراهیم