پاولۆ براگانا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد
هەولێر -KDP.info- پاولۆ براگانا، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان (United Nations Association of Germany) بە یاوەریی شاندێکی گرووپی لۆوەر ساکسۆنی ڕێکخراوەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆ بوونەوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێکی یاوەری بۆ ئاشنابوون بە پێشکەوتنەکان و دواپەرەسەندنەکانی هەرێم و میکانیزمی جیبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش کە لە ڕابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بیرۆکەکەی گەڵاڵە بووە، بۆ ئاشناکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراندنی ڕێکخراوێک کە بە دەستپیشخەری و پشتگیریی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی بۆ دراوە و لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان ڕێکخراو و فیدراسیۆنی هاوشێوە هەیە، بۆ کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان دابمەرێنن. بۆ ئەم مەبەستە شاندە ئەڵمانییەکە سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرد و لەلایەن بەڕیز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازی کران. لە دیدارەکەدا چەندین بابەتی گرنگ پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ لە دوای داعش و بەردەوامیی پشتیوانی ئەڵمانیای فیدراڵ و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر بۆ کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و خستنەڕووی دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دواپەرەسەندنەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان و گرنگیی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) تاوتوێ کران و لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا دواپێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ململانێ و تەنگژەی سیاسی و سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عێراق و ناوچەکە و دیدگای هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و دواڕاگەیەندراوی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگی سیاسی و دوورخستنەوەی هەرێم لەو شەڕە نەخوازراوەی کە هەرساتێک لەوانەیە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بخاتە بەردەم مەترسییەوە بۆ شاندی میوان شی کرایەوە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سوپاس و ستایشی هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ پشتگیرییان لە پرسی کورد و ئەزموونی دیمۆکراسیی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ و میدیا و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەڵمانیا و لەسەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری گەشەپێدان و دیمۆکراسی و پێکەوەژیان و لێبووردەییی ئایینی و نەتەوەیی و سەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆردا ڕێکخراوەکەیان لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا دوو کۆنفرانسی سەرکەوتوویان لەسەر پرسی کورد و پەرسپەکتیڤی چارەسەرکردنی لە شاری هانۆڤەر ساز کردبوو و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک ) و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم و نوێنەرانی دامەزراوەکانی ئەڵمانیا و میدیای ئەم وڵاتەیان بەتایبەتی بانگهێشتی کۆنفرانسەکەیان کردبوو، پێ ڕاگەیاندن.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەروەها ڕایگەیاند، کە هەریمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەولەتی لە شەڕی تیرۆر قۆناغێکی سەختیان بڕیوە لە بنبڕکردن و نەهێشتنی مەترسییە تیرۆریستییەکانی (داعش) بۆ سەر مرۆڤایەتی لە کوردستان و جیهان، هەربۆیە نابێت تەنگژەی سیاسی و سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێران و عیڕاق لە ناوچەکەدا و بەهۆی دوابڕیاری پەرلەمانی عێراق لەسەر دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕاگرتنی هاوکاری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تێرۆر بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی تری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاشتی و سەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا و پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکانن لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی و بە مێتۆدی ئاشتیانە. هەربۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو بنیاتنانی هەرێم و گەشەپێدانی کۆمەڵگا و ئازادی و دیمۆکراسی و سەقامگیری و کەلتووری پێکەوەژیان لە کوردستاندا. بەهۆی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکییەوە، چاوەڕوانی هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و دیمۆکراسی. هەروەها پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) داوایان کرد کە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ توانای سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی لەسەر ئاستی یەکێتی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر بخاتە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان. مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەروەها هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی خستە ڕوو بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان.
پاولۆ براگانا، لەسەر ناوی ڕێکخراوی ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپاسی پێشوازیی گەرم و کۆبوونەوە و تێڕوانینی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لەسەر پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بۆ گەل و حکوومەتی هەرێم و پێشمەرگەی کوردستان و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و بەرەوپێشەوەچوونی ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ستایشی هەوڵەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی حەکیمانە و بێلایەن بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران و عێراق و هیوای خواست کوردستان و ناوچەکە دوور بێت لە شەڕ و ناسەقامگیری و ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیاندنی وێنەی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگای ئەڵمانیای فیدراڵ و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکەیان گرنگی بە پێشکەوتنی ئەزموونی دیموکراسی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکڕیزی و فرەیی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا دەدات.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەشدا پاولۆ براگانا ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان هەوڵ دەدات لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)دا بۆ گەڵاڵەکردن و سەرخستنی ڕەشنووسی بیرۆکەی کردنەوەی ڕێکخراوی (هەرێمی کوردستان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان) و هیوای خواست لە ئایندەدا هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی و هاوکاری ڕێکخراوی کۆمەڵگای ئەڵمانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ببێتە خاوەن ڕێکخراوێکی هاوشێوە بۆ ئاشناکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی بە کۆمەڵگای شارستانیی هەرێمی کوردستان.