پێكهاتەكان: هەرێم لە هەموو پرسهكاندا رای پێكهاتەكانی بەلاوە گرنگە و پشتگیریی دەكەین
هەولێر-KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو پرس و كۆبوونەوەكاندا رای پێكهاتەكان بە گرنگ دەزانێت و دەشڵێ: "ئێمەش وەك پێكهاتەكان پشتگیری لە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، كە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە دەدات".
ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "پێكهاتەكان لە عێراق دابەش بوون بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستاندا، كە لە عێراق هەر باسی پێهاتەكان ناكرێت و پشتگوێ خراون، بەڵام لە هەرێمی كوردستان گرنگییان پێ دەدرێت و هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی نوێنەریان لە حكوومەت و پەرلەمانیش هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە".
مەعرووف گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو پرس و كۆبوونەوەكاندا رای پێكهاتەكانی بەلاوە گرنگە و رای ئەوان وەردەگرێت، دوێنێش بانگهێشتی كۆبوونەوەكان كرابووین و ئێمەش رای خۆمان لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقەوە دەربڕی".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئێمە پشتگیریی خۆمان بۆ هەڵوێستی حكوومەتی هەرێم دەربڕی كە هەوڵ بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ئێستای عێراق دەدەن، چونكە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی عێراق ئارام ببێتەوە و جارێكی دیكە سەقامگیریی بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە هەڵوێستی هەرێم زۆر ئەرێنی و گرنگە كە بێلایەنە لە رووداوەكاندا و هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بە ئارامی و ئاشتیانە چارەسەر بكرێت".
بڵند ئیبراهیم