هەواڵی کوردستان ئێستا

ئابووریناسێك: له‌به‌ر دوو هۆكار نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر بە دیناری عێراقی ئاسایی بووەته‌وه‌

ئابووریناسێك: له‌به‌ر دوو هۆكار نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر بە دیناری عێراقی ئاسایی بووەته‌وه‌
ئابووریناسێك: له‌به‌ر دوو هۆكار نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر بە دیناری عێراقی ئاسایی بووەته‌وه‌

2020-01-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار ‌به‌رانبه‌ر به‌ دیناری عێراقی به‌رز بووەوە، ئه‌مڕۆ نرخی دۆلار ئاسایی بووه‌وە. شاره‌زایه‌كی ئابووریش ده‌ڵێ، له‌به‌ر دوو هۆكار نرخی دۆلار به‌رز بووەوە‌ و ئێستا دۆخه‌كه‌ ئاسایی بووەته‌وه‌ و نرخی دۆلاریش ئاسایی بووەته‌وه‌ و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌.

ماموستای زانكۆ و شاره‌زای ئابووری، د. ئه‌رشه‌د ته‌ها، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر بە دیناری عێراقی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق ڕۆژانه‌ 200 تا 250ملیۆن ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رز نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌فته‌یه‌ك پشووی سه‌ری ساڵ بوو، بانكی ناوه‌ندی خستنە بازاڕی ڕایگرتبوو، ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیشی به‌سه‌ردا هات و وای كرد نرخی دۆلار زیاتر به‌رز بێته‌وه‌ و له ‌جیهانیشدا نرخی دۆلار به‌رز ببووەوە‌، بەهۆی ئه‌م دوو هۆكارەوە‌ نرخی دۆلار لە عێراقیش بەرز بووەوە."

د. ئه‌رشه‌د ته‌ها گوتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه‌ كرد زیاتر كاردانه‌وه‌یان نابێت و ئه‌مه‌ریكاش باسی له‌وه‌ كرد کە هیچ كاردانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌ هێرشی ئێران نابێت و بانكی ناوه‌ندیش دۆلاری زیاتری خسته‌ بازاڕەوە، جارێكی دیكه‌ نرخی دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دیناری عێراقی ئاسایی بووەوە."

ته‌ها باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕ و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌، چونكه‌ داهاتی هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر نه‌وته‌ و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیش به‌رده‌وامه‌ و ڕانه‌گیراوه‌، بۆیه‌ هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووە."

بڵند ئیبراهیم