پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەگاتە بەغدا
بەغدا-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و لەبارەی بودجەوە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا واژۆ دەكات.
بەختیار حاجی حەمەد، بۆ ماڵپەڕِی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێك هاتووە لە وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم، سەردانی بەغدا بكەن".
حاجی حەمەد گوتیشی: "بڕیارە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا، رێككەوتنێك لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا واژۆ بكەن".
هەرێم و بەغدا رێك كەوتوون كە هەرێم رۆژانە 250هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و، ئەوانیش شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكەن و، ئەو رێككەوتنەش لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم