هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی خانمانی هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە فەتوایەكی ئەنجومەنی فەتوا دەگرێ

ئەنجومەنی خانمانی هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە فەتوایەكی ئەنجومەنی فەتوا دەگرێ
ئەنجومەنی خانمانی هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە فەتوایەكی ئەنجومەنی فەتوا دەگرێ

2019-12-06 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ هەینی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هەرێمی كوردستان لەبارەی کاری شۆفێری ئافرەتانەوە وەڵامی چەند فەتوایەكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان دەداتەوە و رەخنەی لێ دەگرێ بەوەی رۆڵ و پێگە و مافەكانی ئافرەتانی رەچاو نەكردووە.


ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ڕایگەیاندووە "بە داخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرتان، ئەنجومەنی باڵای فەتوای مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، بە نووسراوی ژمارە 144 كە لە 4/12/2019 دەرچووە، بە بێ رەچاوكردنی رۆڵ و پێگە و مافەكانی ئافرەتان، چەند فەتوایەكی بڵاو كردووەتەوە لەبارەی كاری شوفێرانی تاكسی و ئافرەتان".


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "ورووژاندنی ئەم بابەتانە خزمەت بە ئاشتەوایی و هاوژیانی و یەكسانی و مافەكانی مرۆڤ ناگەیەنێ، ئەم فەتوایە پێشێلکردنی کەرامەتی ژن و پیاوە، بە تایبەتی برایانی شۆفێری تاکسی و پێشێلكردنیشە بۆ كاری دامودەزگا فەرمی و یاساییەكان و لەگەڵ بنەماكانی یەكسانی جێندەری یەك ناگرێتەوە، کە یەكێكە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان".


ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕوونی کردووەتەوە "پێویستە لێژنەی باڵای فەتوا هەستیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە كۆمەڵایەتی و هەستیارانەدا بكات و یەكێتی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، رۆڵ و پێگەی خۆی بۆ هاوژیانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و یەكسانی تەرخان بكات و لە ورووژاندنی ئەم جۆرە بابەتانە خۆی بەدوور بگرێت".