هەواڵی کوردستان ئێستا

بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكردنی زێر مامەڵەی زێڕی بۆ نزیكەی سەدا ٩٠ داشكاندووە

بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكردنی زێر مامەڵەی زێڕی بۆ نزیكەی سەدا ٩٠ داشكاندووە
بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكردنی زێر مامەڵەی زێڕی بۆ نزیكەی سەدا ٩٠ داشكاندووە

2020-09-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێگەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقەوە بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەكردنی زێڕی گەیاند بە فڕۆكەخانەی هەولێر، سلێمانی و بەسرە و سێ رۆژە زێڕ لە كوردستانەوە نەچووەتە دەرەوە.

بازرگانیكردن بە زێڕ لە هەرێمی كوردستان هەمیشە بازاڕی گەرمبووە، سەرچاوەی كرێن و فرۆشتنی زێڕی كوردستان، توركیا و ئیماراتە، ساڵانە بەپێی هەندێك داتای نافەرمی نزیكەی ٣٠ تۆن زێڕ لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتانە مامەڵەی پێوە دەكرا، لەو كاتەیش كە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بەپێی بەدواداچوونێكی پێشتری ئاژانسی ئانادۆڵو رۆژانە هاووڵاتییانی هەولێر نزیكەی ١٠٠ كیلۆگرام زێڕیان دەفرۆشت و بۆ توركیا دەنێردرا، بەڵام بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق مامەڵەكەی لەم سێ رۆژەدا بۆ نزیكەی ١٠ كیلۆگرام كەم كردووەتەوە.

گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر، هەندرێن عەبدولڕەحمان لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بڕیارەكە لە هەرێمی كوردستانەوە گەیشت بە ئێمە، بەداخەوە بڕیارێكی خراپ بوو زیانێكی زۆر لە زێڕنگەرانی هەرێمی كوردستان دەدات، زیانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت دوای ئەوانیش بۆ زێڕنگەران بۆیە وەك سەندیكا داواكارین لە حكوومەتی عێراق هۆكاری بڕیارەكەمان بۆ روون بكاتەوە و پێداچوونەوەیش بەم بڕیارەدا بكات بۆئەوەی بازرگان و زێڕنگەران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان زەرەرمەند نەبن".

هەندرێن عەبدولڕەحمان دەربارەی هۆكارەكانی پشت دەرچوواندنی بڕیارەكە گوتی: "تا ئێستا بە فەرمی و لە لایەنێكی فەرمییەوە هۆكاری دەرچوواندنی بڕیارەكە روون نەكراوەتەوە بۆ ئێمەش روون نییە كە ئەم بڕیارە بۆچی دراوە، لەوانەیە بڕیارێكی سیاسیی بێت، بەڵام ئەمەیش دیار نییە و ئێمە نایزانین، بەبۆچوونی من وای دەبینم كێبڕكێی كەرتی تایبەت بێت لەنێوان بازرگانی زێڕ لە هەرێمی كوردستان و بەغدا، رەنگە بازرگانانی زێڕ لە بەغدا هەوڵێكی وایان دابێت ئەم بڕیارە بدرێت، ناتوانم كەس تۆمەتبار بكەم، بەڵام ئەمە بۆچوونی منە".

گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر دەربارەی دۆخی بازرگانیكردن بە زێڕ لە بازاڕی هەرێمی كوردستان لە دوای بڕیارەكەوە گوتی: "مامەڵەكانی هەموو راگرتووە، خەڵكی تووشی دڵەراوكێیەكی زۆر كردووە، ئێستا خەڵك نازانێت زێڕ بفرۆشێت یان بیكڕێت، ئەگەر رێژەیەك بە نموونە وەربگرین، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر لە بازاڕی هەولێر رۆژانە ٥٠ كیلۆگرام زێڕ مامەڵەی پێوەكرابێت ئێستا كەمبووەتەوە بۆ كەمتر لە پێنج كیلۆگرام واتە لە سەدا ٩٠ مامەڵەكە كەمی كردووە".

هەندرێن عەبدولڕەحمان گوتیشی: "نرخی زێر لە بازاڕ و بۆرسەی جیهانیدا هێشتا هەر بەرزە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە لە هەرێمی كوردستان بە نرخێكی زۆر كەمتر زێڕ لە هاووڵاتییان دەكڕینەوە، چونكە بۆ ئێمەیش كە دەیفرۆشین كەمترمان بۆ دەكات چونكە تێچووی مامەڵەی كڕێن و فرۆشتنەكە لەسەر ئێمە زۆر زیادی كردووە، جاران جیاوازی نێوان زێڕی شكاو و زێڕی نوێ شەش بۆ حەوت هەزار دینارێك جیاوازی هەبوو، ئێستا چووەتە سەروو ٢٠ هەزار دینار".

گوتەبێژی سەندیكای زێڕنگەرانی هەولێر، هەندرێن عەبدولڕەحمان دەربارەی رێگای نوێی ناردنە دەرەوەی زێری هەرێمی كوردستان تا كاتی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان گوتی: "ئێستا هیچ رێگەیەكی فەرمیمان نییە بۆ ناردنە دەرەوەی زێر، مەگەر بە رێگای گوند و قەزا و ناحیەكاندا بینێرین بەرەو مووسڵ و بەغدا كە ئەمەیش رێگای مەرگ و هات و نەهات و رفاندن و لێسەندنی زێڕە و رێگای تیرۆر و تۆقاندنە، بۆیە ماوەی سێ رۆژە دەتوانم بڵێم، هیچ زێر لە هەرێمی كوردستان نەچووەتە دەرەوە".

بەپێی ئامارەكانی سەندیكای زێڕنگەران نزیكەی هەزار و ٧٠٠ زێڕنگەر لە هەرێمی كوردستان هەیە و بە گوتەی هەندرێن عەبدولڕەحمان ئەگەر ئەو دۆخە تا ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت، ئەوا زێڕنگەران تووشی زیانێكی گەورەدەبن و نزیكەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ زێڕنگەریان واز لە كارەكەیان دەهێنن لەبەر ئەوەی ئەو پارەیەی لەم پیشەیەدا خەرج دەكرێت زۆرە كە ئەگەر لە هەر كارێكی دیكەدا بەكاری بهێنن قازانجی زیاتر دەكەن.

بڕیارەكە لەڕێگەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقەوە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و بەسرە، بەڵام بەڕیوەبەری راگەیاندن لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی، جیهاد دیوان بە ئاژانسی ئاندۆڵوی راگەیاند "ئەوەی دەرچووە بڕیاری ئێمە نییە و پەیوەندیشی بە ئێمەوە نییە، بۆیە ئێمە وەك دەسەڵاتی فرۆكەوانی شارستانی عێراق قسەی لەسەر ناكەین".