نێچیرڤان بارزانی: دووڕیانێك له پێش عێراقه.. کاتێکی گونجاو نییە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان
ئه‌ڵمانیا-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به رۆژنامه‌یەکی به‌نێوبانگی ئه‌ڵمانی راگه‌یاندووه کە عێراق پێویستی به پشتیوانی دراوسێ و هاوڕێكانیەتی له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانانیش بەتایبەت ئەڵمانیا گوتوویەتی، جارێ زووه بۆ كشانه‌وه‌ی هاوپەیمانان و سوپای ئه‌ڵمانیا لە عێراق.
شەوی شەممە 11-1-2020 پۆرتاڵی رۆژنامه‌ی (بیڵد)ی ئه‌ڵمانیا هه‌ڤپه‌یڤینێكی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوكردەوه. له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی عێراقه‌وه ده‌ڵێت "ئێستا دووڕیانێك له پێش عێراقه". بارزانی به‌رده‌وامی به قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێت "به‌دڵنیاییه‌وه مه‌ترسی هه‌یه عێراق به‌ره‌و ئاراسته‌ی هه‌ڵه بڕوات. ئێمه هیواخوازین، هه‌موومان پێكه‌وه بتوانین كار بۆ ئه‌وه بكه‌ین سه‌قامگیری، ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی عێراق بگه‌ڕێنینه‌وه".
دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش، هۆشدارییەکی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق و لەوبارەوە نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت "ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه شه‌ڕی دژی تێرۆر كۆتایی نه‌هاتووه. هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق هاوشێوه‌ی پێشووتر پێویستی به هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هه‌یه". له به‌رده‌وامی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت "به بۆچوونی ئێمه ئێستا كاتێكی گونجاو نییه بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و له هه‌رێمی كوردستانیش. هەڕەشه‌كان به‌رده‌وامن. هه‌ڕه‌شه‌ی جیدین. عێراق به ته‌نیا ناتوانێت به سه‌ریدا زاڵ ببێت".
هه‌ر لەباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت "هەڕهشهكان ته‌نیا بۆ ئاسایشی ناوچه‌كه نین به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیشن".
سه‌باره‌ت به هاوكارییه‌كانی سوپای ئه‌ڵمانیا له شه‌ڕی دژی داعش و مه‌شقكردن به پێشمه‌رگه و ناردنی چه‌ك بۆیان سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئێمه هه‌رگیز له بیری ناكه‌ین به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه، دڵنیاببینه‌وه له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی پێكه‌وه به‌ده‌ستهێنراون، کە به فیڕۆیان نه‌ده‌ین". له‌باره‌ی هاوكارییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌ڵێت: "رێگایه‌كی درێژمان بڕیوه. توانیمان لەڕووی فیزیكییه‌وه خەلافه‌ت له‌ناو ببه‌ین. توانیمان پێداویستییه‌كانی ئاواره‌كان دابین بكه‌ین"
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی تایبه‌تیش بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و گەلی ئه‌ڵمانیا ده‌نێریت و دەڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسمكرد، په‌یامی من بۆ حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا، په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و گه‌لی ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌یه كه ئێمه سوپاسیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه تاوەکو ئێستا بۆ ئێمەیان كردووه، به‌ڵام ئێمه وه‌ك هاوڕێ، هاوپه‌یمان و هاوبه‌ش هیواخوازین كه ئێوه له‌گه‌ڵ ئێمه به‌رده‌وام بن له سه‌ر رۆیشتنی ئه‌م رێگایه تاوەكو ئێمه بتوانین ئه‌و پهیمانەی به خه‌ڵكی خۆمان داوه بیبەینەسەر ئەویش ئاسایش و هیوایە به ئاینده‌یه‌كی باشتر". نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "ئێمه هاوبه‌شی ئاشتی و خۆشگۆزه‌رانی ده‌مێنینەوە".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینەکەیدا سه‌باره‌ت به گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران به پڕفرۆش‌ترین رۆژنامه‌ی ئه‌وروپای گوتووە: "نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان و عێراق ببنه مه‌یدانی شه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان". لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه، هه‌نگاو بنرێت بۆ هاوكاریكردنی عێراق. عێراق پێویستی به پشتیوانی دراوسێ و هاوڕێكانیه‌تی له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی".