هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندێكى ئەنەكەسە له‌گه‌ڵ جێمس جێفرى كۆ بوونەوە

شاندێكى ئەنەكەسە له‌گه‌ڵ جێمس جێفرى كۆ بوونەوە
شاندێكى ئەنەكەسە له‌گه‌ڵ جێمس جێفرى كۆ بوونەوە

2020-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


توركیا-KDP.info- شاندێكى سه‌ركردایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانیى كورد - سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه)، دوێنێ شه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ جێمس جێفرى نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مەریكا بۆ كاروبارى سووریا كۆ بوونه‌وه،‌ ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى ئەنەكەسە، كه‌ به‌شدارى شانده‌كه بووە، دەڵێ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا‌ جێمس جێفرى داواى كرد گفتوگۆ و دیالۆگى نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌ و قه‌سه‌ده‌ به‌ره‌وپێش بچێت و، بۆ چاره‌‌كردنى كێشه‌كان تێكه‌ڵى و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانییەوە به‌رده‌وام بكرێت.

شانده‌كه‌ى ئه‌نه‌كه‌سه‌ له‌، محەمەد ئیسماعیل، سلێمان ئۆسۆ،  فه‌یسه‌ڵ یووسف و نیعمه‌ت داوود، ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌كردایه‌تى و، كامیران حاجۆ، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نه‌كه‌سه‌ پێك هاتبوون.

له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، فه‌یسه‌ڵ یوسف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مەریكا بۆ كاروبارى سووریا، جێمس جێفرى، له‌سه‌ر داواكاریى خۆى بوو، به ‌ئێمه‌ى ڕاگه‌یاند، کە ئه‌مەریكا ده‌یه‌وێت لەگەڵ دۆستانى نزیكى خۆیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تیش له‌ سووریا و له‌ نێویشیاندا ئه‌نه‌كه‌سه،‌ وه‌كو هێزێكى سیاسى ڕا و سه‌ره‌نجى ئێمه‌ بزانن و، هى خۆیشیان به‌ ئێمه‌ بڵێن، گوتى كێشه‌ى سووریا ده‌بێ چارەى سیاسیی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ڕۆژهه‌ڵاتى فورات و ده‌بێ ناوچەکانی كورد پارێزراو بن و، پێكهاته‌ سیاسییەکان به‌ یه‌كه‌وه‌ بن  و هه‌ڵوێستى كوردى هه‌بێت و ناكۆكییه‌كان نه‌مێنن".

فه‌یسه‌ڵ یووسف گوتیشی: "جێمس جێفرى داواى كرد دیالۆكى نێوان هه‌ردوو لایه‌نى كوردى پێشڤه‌ بچێت و، داواش له‌ قه‌سه‌ده‌ و ئه‌نه‌كه‌سه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و‌ مه‌به‌سته تێكه‌ڵى و په‌یوه‌ندییه‌كانیان لەگەڵ‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ناكۆكییه‌كانى نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌نه‌كه‌سه‌ش نه‌مێنن و چاره بكرێن، چونكه‌ خزمه‌ت به‌ دروستكردنى ڕژێمێكى دیموكراسى ناكات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى شاندى ئەنەكەسە ڕوونیشی كردەوە: "نێرده‌ى ئه‌مەریكا ئه‌وه‌شى گوت، كه‌ ڕێگا ناده‌ن گۆڕینى دیموگرافى له‌ عه‌فرین و گرێ سپى و سه‌رێكانى دروست بێت و، ده‌بێ هه‌مووی ئەو خه‌ڵكەى په‌نابه‌ر بوونه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕێكکه‌وتنیان به‌و شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه".

فه‌یسه‌ڵ یووسف ده‌شڵێت: "داوامان كرد پرسى مافى كورد له‌ جنێڤ و له‌ ده‌ستوور و داهاتووى سووریا جێبه‌جێ بكرێت و پرسێكى سه‌ره‌كى بێت، له ‌كۆتاییشدا كۆمیته‌یه‌ك هاته‌ دانان بۆ چارەكردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ته‌واوى په‌نابه‌ران بۆ شوێنى خۆیان".


ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئەنجومەنێکی سیاسییە، لە کۆمەڵێک پارت و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێك دێت، له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى مافى كوردان له‌ ڕۆژئاواى كوردستان خه‌بات ده‌كات.


نه‌شوان به‌رزنجى