هەواڵی کوردستان ئێستا

"پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای ھاملتۆن جێبەجێ دەکرێت"

"پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای ھاملتۆن جێبەجێ دەکرێت"

2020-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە خەریکی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگاوبانە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش ئاشکرای کرد، دەست بە جێبەجێکردنی ڕێگای ستراتیژیی ھەولێر_حاجی ئومەران کراوە.

مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ چوار ساڵی داھاتوو نەخشەڕێگای خۆی ئامادە کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی و بڕیارە ڕێگای سەرەکیی ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە جووتساید و ھیچ ڕێگایەکی یەکساید نامێنێتەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتی: "وەزارەت ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە و چەندین پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن و ھەنگاوی باشمان بڕیوە."

دەربارەی ڕێگای ستراتیژیی ھەولێر_حاجی ئومەران، مەریوان مەلا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوە زیاتر بە ڕێگای ھاملتۆن ناسراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەستمان پێ کردووە، ھەر ھەمان جووتسایدە، بەڵام بڕینی تێدایە، بۆ نموونە، چەندین تۆنێلی ھەیە لە مەسیفەوە بگرە تا بەنی ھەریر و باڵەکایەتی، ڕێگاکە چەند قۆناغێکە و دووبارە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ لە ھەولێر تا حاجی ئومەران جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە ڕێگایەکی نێودەوڵەتی."

قائید میرۆ