English | عربي

  ☵ گرنگترین هه‌واڵ




2017/11/08 | 14:17

(هەواڵ كوردستان)- کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەكگرتووی ئیسلامیی: بە مامەڵەی فەرمیی ئەمەریكا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەمینەی سیاسی بۆ حكوومەتی ئینقازی نیشتمانی لەبار برا

سەمیر سەلیم، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردن (مەكتبی سیاسی)ی یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان و یاریدەدەری پێشووی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا وەڵامی چەند پرسێكی پێوەست بە دۆخی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دەداتەوە.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، ئەو كێشانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا هەنە تاكە چارەسەر تەنیا گفتوگۆیە لەسەر بنەمای دەستوور، گوتی: ”دەبێ كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، ئەگەر حكوومەتی عێراق حكوومەتێكە پابەندە بە دەستوور، ئەوە دەبێت بەرامبەر گەلی كورد لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە بكات، بنەمای دەستووریش جگە لە رێگەی گفتوگۆ رێگایەكی تر و بژارەی دیكەی نییە“.

ئاماژەی بەوەش دا، باردۆخی نێودەوڵەتی لەم قۆناخەدا یارمەتیدەری عێراق نییە بژارەی گفتوگۆ رەت بكاتەوە و دژی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ بژارەی سەربازی ببات، گوتیشی: ”ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپا پشتگیریی خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دووپات كردووەتەوە و داوایان كردووە هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، تەنانەت ئیلزامیان كردوون كە دەبێت گفتوگۆ بكەن“.

سەمیر سەلیم نیەتخراپیی بەغدا دەخاتە ڕوو بەوەی دەیەوێت ئەو ماددە دەستوورییانە پەك بخات، كە وەكوو هەرێم مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات، بەڵكوو دەیەوێت وەكوو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكات، گوتیشی: ”ئەگەر ئەمەریكا و یو ئێن بێنە نێو گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا و زەمانەت بدەن بۆ سەرخستنی گفتوگۆكان، ئەوا كەشوهەوا نێودەوڵەتییەكەش بۆ ئەوە لەبارە و دەكرێت كێشەكانی هەرێمی كوردسان و عێراق چارەسەر بكرێن، ئەگەرچی لایەنەكانی كوردستان متمانەی تەواویان بە لایەنی نێودەوڵەتی نییە و زیاتر بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوەن، بەڵام هەبوونی ئەوان لە گفتوگۆكان شتێكی باشە“.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی یەكگرتووی ئیسلامی، وڵاتانی ئەمەریكا و ئەوروپا رازی بوونە بە سڕكردنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم، ئەوەی ماوەتەوە چۆنیەتیی رازیبوونی عێراقە، گوتیشی: ”كورد دەبێ بە یەكڕیزی و بە هێمنی و بە یەكدەنگی و بە راوێژكردن لە ئیرادە نێودەوڵەتییەكە هەنگاوی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگرێتە بەر، یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردستانی لە جاران گرنگترە، ئەو پێدرێژییەی بەغدا دەیكات بەشێكی پەیوەندیی بەوە هەیە كەوا نێوماڵی كورد تەواو نییە“.

گوتیشی: ”لە دەرەوەی چوارچێوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەی كوردستان، هەندێك دەنگ هەیە داوای دوو ئیدارەیی دەكات، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بە فەرمی دژی دوو ئیدارەیین، دوو ئیدارەیی لەم قۆناخەدا زەمینەی زۆر لەباری نییە، ئەگەر بتوانین بە ئارامی و بە حیكمەت مامەڵە لەگەڵ كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان بكەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە“.

سەلیم راشی دەگەیەنێت، پشتیوانیی فەرمیی ئەمەریكا لە حكوومەتی هەرێمی و كوردستان، مانای پشتیوانیكردنە لەیەك ئیدارەیی، دەشڵێت: "بەو مامەڵە فەرمییەی ئەمەریكا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان زەمینەی سیاسی بۆ حكوومەتی ئینقازی نیشتمانی لەبار برا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی گوێ لە لایەنەكان رابگرن، چونكە لە رووی حوكمڕانی و خزمەتگوزارییەوە حكوومەت نەیتوانیوە دڵی هاووڵاتییان رازی بكات".

ئەو سەرکردەیەی یەكگرتووی ئیسلامی جەخت دەكاتەوە: ”ریفراندۆم ئیرادەی گەلی كوردی پیشانی هەموو دونیا دا، كە كورد چی دەوێت، ئەنجامی ریفراندۆمیش لە رووی مێژوویی تۆمار كراوە، وەكوو بەڵگەنامەیەك دەكرێت لە كەشوهەوایەكی لەباردا ئەنجامی ریفراندۆم بەكار بهێندرێت، ئێمە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئیشێكی باش و دروستمان كرد، بەڵام چۆنیەتی گونجاندنی لە رووی تەكتیك و ستراتیژ لەگەڵ لایەنی عەسكەری و نێودەوڵەتی ئەوە شتێكی ترە“.

ئەو پشتیوانیی لە هەڵوێستی مەسعود بارزانی دەكات، كە رەتی کردەوە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بۆ درێژ بكرێتەوە، بەڵكوو دەسەڵاتەكانی خۆی دایە حكوومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، گوتیشی: ”هەنگاوەكەی كاك مەسعود بارزانی هەنگاوێكی باش بوو بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشە سیاسی و ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی ئەمەریكا و ئەوروپاش لەم هەنگاوە ئەنجامە ئیجابییەكانی ئەو كارەی بارزانیی پیشان دا“.

سەمیر سەلیم راشی گەیاند: ”بارزانی كارەكتەرێكی سیاسیی دیار بووە، پێش ئەوەی سەرۆكی هەرێم بێت ئەو رۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە، ئێستاش كە لەو پۆستەدا نەماوە، وەكوو كەسایەتییەكی سیاسیی كاریگەر رۆڵەكەی بەردەوام دەبێت، كاك مەسعود ئێستا سەرۆكی حزبێكە و حزبەكەش حزبێكی گەورەیە و ناتواندرێت لەناوخۆ و دەرەوە نادیدە بگیرێت“.

بەرپرسەكەی یەكگرتوو پێشی وایە: "بە وتاری ئەمەریكا و ئەوروپاوە دیارە كە ئەوان نایانەوێت مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا بكەن، ئەوان لە سەرێك پشتیوانی لە سوپای عێراقی دەكەن و لە سەرێكی تر سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی لیستی تیرۆریستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، ئەو پۆلینكردنەش كاریگەریی دەبێت لە سیاسەتی مامەڵەكردنی ئەمەریكا لەگەڵ داهاتووی عێراقدا“.

زیاتر لەسەر ئەو پرسە دوا و گوتیشی: ”هەموو حزبە سیاسییەكانی عێراق گرووپ و میلیشیایان لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئەو گرووپە چەكدارییانە كێشەی زۆر بۆ دۆخی سیاسیی عێراق دروست دەكەن“.

سەلیم راشی دەگەیەنێت، بەهۆی ئەو رەفتارانەی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر بەرامبەر خەڵكی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكان ئەنجامیان دا، حەشدی شەعبی رووی خۆی بەرامبەر خەڵكی كوردستان ناشیرین كرد، گوتیشی: ”كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهۆی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق لەبەرامبەر رەفتارەكانی حەشدی شەعبی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و لایەنی ئەخڵاقییان رەچاو نەكردووە“.

لەدرێژەی قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو دووپاتی دەكاتەوە: "ئەو یارییە كە لەنێوان چەند گرووپ و تیمێك لەوانە عێراق و ئێران و توركیا و ئەمەریكا و سعوودیە و وڵاتانی كەنداو ئەنجام دراوە، گێمی یەكەمی تەواو بووە و ئەمە ئەنجامەكەیەتی، گۆڕانكارییەكان زۆریان ماوە و رووداوەكان زۆریان ماوە، ئاراستەی تر وەردەگرن، دۆزی كورد لە چوارچێوەی ستراتیژ و تەكتیكی سیاسی و عەسكەریی رۆژئاوادا لە یارییەكانی داهاتوودا نەك هەر لە عێراق بەهێز دەردەكەوێت، بەڵكوو لە شوێنەكانی تریش".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending