وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی حەسەن نەسروڵا دەداتەوە
خەندان-
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حزبوڵای لوبنانی دایەوە و رایگەیاند،"پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیتە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک."
لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، جوتیار عادل رایگەیاند،"پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیتە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێر زەویەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سوکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت."
وتەبێژی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند،"ئەوە هێزی پێشمەرگە بو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر. لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەمو کەسێکمان کردوە کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بوە و لە کاتی سەردانی بۆ لای بارزانی بەشدار بوە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لە گەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بو، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕنرا."
دەشڵێت،"تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچوکتری ئەو زماندرێژییە بکەی."