هەواڵی کوردستان ئێستا

"سێ چاکسازی بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر دروست دەکرێن"

"سێ چاکسازی بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر دروست دەکرێن"

2019-12-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


 هەولێر -KDP.info- بڕیارە سێ چاکسازی بە شێوەی نەخۆشخانە بۆ ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن و شارەزایەکی ماددە ھۆشبەرەکانیش ئاشکرای کرد، تا دێت بارزگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە زیادبووندایە.


ئیبراھیم ڕەمەزان، سەرۆکی ڕێکخراوی ھۆشیارکردنەوە لە ماددە ھۆشبەرەکان. بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەرەوە زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی و، چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکان بوونە."

ئەو شارەزایەی ماددە ھۆشبەرەکان دەشڵێت: "بەھۆی زیادبوونی مەترسییەکانی ماددەی ھۆشبەرەوە پڕۆژەیاسای ماددە ھۆشبەرەکان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و بڕیارە دوای پێداچوونەوە پەسەند بکرێت."

ئیبراھیم ڕەمەزان ڕوونی کردەوە: "بەپێی پڕۆژەیاساکە لە ھەرێمی کوردستان سێ چاکسازی بە شێوەی نەخۆشخانە بۆ ئالوودەبووان دروست دەکرێن و لە چاکسازییەکانی دیکەش، ئەوانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیر دەکرێن و حوکم دەدرێن، لە سزادراوانی دیکە جیا دەکرێنەوە، ھەروەسا سزای توندتر بۆ بازرگانەکانی ماددەی ھۆشبەر دیاری کراوە، بە جورێک کە ھەندێک لەو سزایانە دەگەنە ئاستی لەسێدارەدان."

قائید میرۆ