د. دیندار: سەدان هەزار هاووڵاتیی كوردستان بێسەروشوێن كراون و چارەنووسیان دیار نییە
هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی ناوەندیی پێك هێناوە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی (١٦ هەزار و ٤٢٠) بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس، كە زۆربەیان هاووڵاتیی هەرێمن و پێشكەش بە تیمی كاری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێت.
لە میانەی كۆبوونەوەكانی خولی (١١٨)ـەمینی تیمی كاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، كە لە جنێڤ بەسترا، داوای لە حكوومەتی عێراق كراوە كە زانیاریی تەواویان پێ بدات دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) كەسی بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس، كە زۆربەیان هاووڵاتیی كوردستانن، لەلایەن خۆیەوە حكوومەتی فیدراڵ لیژنەیەكی ناوەندەیی پێك هێناوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەندامە لەو لیژنەیە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكان و یەكلاكردنەوەیان و ئەو كەیسانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش پەسەندكردنی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی كەسەكان لە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەی ناوبراو و چارەنووسی ئەو (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنانە، رایگەیاند: "حكوومەتی فیدراڵی لیژنەیەكی ناوەندیی پێك هێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە كە نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم ئەندامە لەم لیژنەیەدا بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس و پێشكەشكردنی بە تیمی كاری پەیوەست بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی كەیسەكان (رووداوەكان) و لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ دەكەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەی ناوەندیی حكوومەتی فیدراڵەوە راپۆرتێك پێشكەش بە تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بكرێت".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تیشكی خستە سەر ئەو كەیسانە كە لەلایەن تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان باس كراون و زیاتر گوتی: "لە سەردەمی رژێمی بەعس سەدان هەزار هاووڵاتیی كوردستان بە شێوازی جیاجیا بێسەروشوێن كراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئەو كەیسانەی كە تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان باسیان لێدەكات بەشێكی زۆر كەمن بە بەراورد بەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجام دراون. لە ساڵانی (1980) تاكو (2010) بە رێگای جیاجیاوە چەندین سكاڵا پێشكەش بە تیمی كاری نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێ كراوە لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی یان لەلایەن كەسوكاریانەوە بۆ زانینی چارەنووسیان، ئەو كەیسانەی كە تایبەتن بە عێراق ژمارەیان (١٦٤٢٠) دەبێت، كە بەشی زۆریان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن و لە پرۆسەكانی ئەنفالی بارزانییەكان و بادینان و هەڵەبجە بێسەروشوێن كراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تیمی كاری نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە رێگای ئەو لیژنە ناوەندییەوە كار دەكات بۆ یەكلایی كردنەوەیان بە تایبەتی لە بابەتی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان، چونكە لە رووی یاساییەوە حكوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حكوومەتەكانی پێش خۆیەتی و هەر پابەندبوونێكی یاسایی بكەوێتە سەری، پێویستە جێبەجێی بكات".
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "تیمی كاری نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 1980 لەلایەن لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ دامەزراوە و لە ژمارەیەك پسپۆڕی سەربەخۆ پێكهاتووە، بەدواداچوون دەكات بۆ كەیسەكانی بێسەروشوێنانی زۆرەملێ لەو وڵاتانەی كە رێككەوتننامەی نەهێشتنی بێسەروشوێننی زۆرەملێیان پەسەند كردووە، تا ئێستا تیمی ناوبراو كاری لەسەر (50 هەزار) حاڵەت كردووە لە زیاتر لە (٨٠) وڵات و بەپێی پێویست كۆبوونەوەكانی خۆی ئەنجام دەدات، بە ئامانجی زانینی چارەنووسی قوربانیان بۆ كەسوكاریان بە تایبەتی ئەوانەی سكاڵایان پێشكەش بە تیمی كاری پەیوەست بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە.