هەواڵی کوردستان ئێستا

رۆژانە هەزار نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات دەكەن

رۆژانە هەزار نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات دەكەن
رۆژانە هەزار نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات دەكەن

2020-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵی ٢٠١٩دا رۆژانە ھەزار نەخۆش روویان لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵاتی ھەولێر كردووە، ھاوكات جگە لە بەشی فریاكەوتن، لە ئێستادا بەشی نۆڕینگەی دەرەكی ٢٤ كاتژمێر خراوەتە خزمەتی ھاووڵاتیانەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامار و چالاكییەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵاتی ھەولێر بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاو دەكاتەوە.

لەو بارەیەشەوە، كرمانج هاوشاری، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات، لە لێدوانێكدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات یەكێكە لە فریاكەوتنەكانی شاری ھەولێر و ٢٤ كاتژمێر پێشوازی لە نەخۆشەكان دەكات، ھاوكات دەشڵێ،  ئەم نەخۆشخانەیە گرینگیی زۆری بۆ دانیشتووانی شاری ھەولێر ھەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵكەوتەی جیۆگرافی، كە چڕترین ناوچەی دانیشتووانی ھەولێر و دەوروبەری بەسەرەوەیە.

هاوشاری، روونی دەكاتەوە، كە رۆژانە ١٠٠٠ نەخۆش روو لە  نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژھەڵات دەكەن و بە تێكڕای ساڵی 2019ش زیاتر لە 358 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە، ھاوكات ئەم نەخۆشخانەیە لە دوو بەشی سەرەكی پێك دێت.

بەشی فریاكەوتن و بەشی نۆڕینگەی دەرەكی، لە ئێستادا جگە لەوەی بەشی فریاكەوتنەكە ٢٤ كاتژمێر كراوەیە، بەشەكەی تریش كە نۆڕینگەی دەرەكییە و پێشووتر لە كاتژمێر 12ی شەو دادەخرا، بەڵام ئێستا بە شێوەیەكی ٢٤ كاتژمێری خراوەتە خزمەتی ھاووڵاتیان.

لەبەر پێویستیی زۆر بۆ خزمەتی ھاووڵاتیانیش، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی نەخۆشخانەكە ئاماژە بە زیاتر لە ٦٠٠ كارمەند و پزیشكی ڕۆژانە دەكات، كە بە بەردەوامی لە خزمەتی ھاووڵاتیاندایە، ھاوكات راشیدەگەیەنێت، خزمەتێكی بەرچاو پێشكەشی ھاووڵاتیان دەكەین و لەو بارەوە دڵنیاییان دەدەینێ.

ناوبراو راشیدەگەیەنێت، نەخۆشخانەی فریاكەوتن پێكدێت لە پسپۆڕی نەخۆشیی گشتی، پسپۆڕی هەناوی، نەشتەرگەریی گشتیی هەناوی، ئێسك و شكان، پزیشكی پسپۆڕی فریاكەوتن، كە ئەم بەشە یەكەم جارە لە كوردستان بكرێتەوە، ھەروەھا فریاكەوتنی نەخۆشخانەكە كراوەتە سەنتەری بۆردی عەرەبی بۆ پزیشكی فریاكەوتن، لەم سەنتەرەدا پزیشك فێری پزیشكی فریاكەوتن دەكرێت.

ھەڵكەوت محەمەد