لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکــــــــردەی نەمر محەمەد مەلاقادر
حامید گەوهەری
محەمەد عەبدولقادر ئەحمەد، ناسراو بە محەمەدی مەلا قادر، یان مەلا محەمەدی مەلا قادر، ڕۆژی 15/1/2019 بە هۆی نەخۆشییەوە لە پیرمام بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە بنەماڵە، دۆستان و هەڤاڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.
محەمەدی مەلا قادر، ساڵی 1934 لە گوندی بیرە كەپران، لە ناحیەی گوێڕی قەزای مەخموور سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایك بووە. لە حوجرەی فەقێیان و لە لای مامۆستا عەبدولقادر ئەحمەدی باوكی، مامۆستا ساڵحی كۆزە پانكە و مامۆستا ئەبوبەكری كۆیە خوێندویەتی و ئیجازهی مەلایەتی وهرگرتووە. دواتر لە هەولێر بەشداریی تاقیكردنەوەیەكی كردووە كە ببێتە مامۆستای خوێندنگە، كە بە پلەیەكی باش قبووڵ بووە. بۆ ماوەی ساڵێك لە كەركووك خولی مامۆستایەتی بینیوە و بە مامۆستای وانەی عەرەبی و دینی دامەزراوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە گوندی دووگردكان لە خوارووی قوشتەپە مامۆستایەتیی كردووە. لە پەنجاكاندا دۆستی حزبی شیوعی عێراق بووە و، ساڵی 1956 لە حزبی شیوعی دوور كەوتووەتەوە و چووەتە ڕیزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە و لەو ڕێكخراوەدا لەگەڵ چەند كەسی تر یەكێتیی قوتابیانی ئایینی دامەزراندووە. محەمەد ئیسماعیل، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە قاهیرە و مەلا محەمەد، وەك خۆی دەڵێت، بەرپرسایەتی یەكێتیی قوتابیانی ئایینی لە كوردستان دا لە ئەستۆ گرتووە. ساڵی 1958، كە هەمزە عەبدوڵا، سكرتێری پارتی دیموكراتی كورد بوو، لە پارتی دیموكراتدا وەرگیراوە. كاتی گەڕانەوەی بارزانی لە سۆڤیەت، لەگەڵ وەفدێكی 12 كەسایەتی لە هەولێر، سلێمانی، كەركووك، دهۆك و شارەكانی تر، سەردانی بارزانی كردووە و، لەم بارەیەوە دەڵێت: بارزانی پێی گوتین ئەگەر گەنجی وەك ئێوە بێن سیاسەت بكەن، كورد ڕزگار دەبێت.
محەمەدی مەلا قادر، لە كۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموكراتدا ئەندامی دەستەی ئامادەكاری كۆنگرە بووە و، لەو كۆنگرەیەدا، كە ڕۆژی 1/7/1964 لە قەڵادزێ پێكهات، بە ئەندامی دەستەی چاودێر و پشكنینی پارتی هەڵبژێردراوە. تا كۆتایی ساڵی 1965 ئەندامی كارگێڕی لقی دووی پارتی بووە و، لە سەرەتای ساڵی 1966دا گواستراوەتەوە بۆ لقی سێی پارتی و ئەندامی كارگێری ئەو لقە و بەرپرسی ناوچەی كفری بووە. ساڵی 1967 سەرلەنوێ گواستراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی، كە مەجید ئەتروشی، بەرپرسی لق بووە. ناوبراو دەربارەی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری سەفین و دانانی خوێندنگە لە سنووری لقی دوودا دەڵێت: گۆڤارێكمان هەبوو بە ناوی سەفین كە من سەرنووسەری بووم. كاك مەجید ئەتروشی، سمكۆ بارزانی، بارزانی مەلا خالیدی، بیلال عەزیز و عەلی هەژار وتاریان بۆ دەنووسی و، منیش ئامادەم دەكرد. سەفین مانگانە بوو و تا ڕێككەوتنی 11ی ئازاری 1970، 30 ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە. جارێك بۆ كاری حزبی چووم بۆ سنووری لقی عەریف عوسمان، كە بنكەكەیان لە پیرەر سەربە ناحیەی دێگەڵە بوو. لەوێوە چووم سەردانی ئەوانیشم كرد. بینیم كاك بارزانی مەلا خالید ژمارەیەكی منداڵ لەبن كەپرێك كۆكردووەتەوە كە فێری خوێندنیان بكات. من لەگەڵیان كۆبوومەوە و چونكە پێشتر مامۆستا بووم و بۆ ماوەی ساڵێك خولی مامۆستایەتیم بینیبوو، فێرم كردن چۆن دەرسیان پێبڵێن و خوێندكارەكانیش چۆن دەرس بخوێنن و داوام كرد بنێرن لە شارەكان كتێبی خوێندن بێنن. لەوێوە فیكرێكم بۆ دروستبوو. دوای گەڕانەوەم بۆ لق، شەوێك لەگەڵ كاك مەجید دانیشتبووین، گوتم كاك مەجید شتێكم لە مێشكدایە، گوتی فەرموو. گوتم: بۆچی ئێمە ئەو قوتابخانە چكۆلانەی كە حكوومەت بەجێی هێشتوون، نەیانكەینەوە؟ گوتی وەڵا فیكرێكی باشە، منیش بە گوندی سەراندا هاتووم و كاتێك خوێندنگەكەم بە چۆلی دی، بیرم لەوە كردەوە. گوندی سەران لە سەرووی ڕەواندز، بەرەو گەڵاڵەیە و نزیكە 200- 300 ماڵ بوو. بڕیارماندا خوێندنگە بكەینەوە و یەكەم قوتابخانە هی كاك بارزان بوو، كە بە ڕەسمی كردمان بە مامۆستا و مانگانە دوو دیناریشمان بۆ بڕیەوە. لە باوەقوب بینای خوێندنگە هەبوو. لەوێ دەستكرا بە خوێندن و كاك بارزان سەرەڕای دەرس گوتنەوە، كرا بە بەڕێوەبەری خوێندنگەكە و دواتر مانگانەی مامۆستاكان كرا بە پێنج دینار. لە سماقوڵی، لە نێوان كۆیە و هیران، قوتابخانەیەكمان كردەوە و لە هیران خوێندنگەیەكی شەش پۆلیمان دانا، چونكە پێشتر خوێندنگەیەكی شەش پۆلی هەبوو. خوێندكارەكان بەیانیان سروودی ئەی ڕەقیب، پێشمەرگەی بە هەڵمەتینیان دەخوێندەوە. كونە تەیارەشمان بۆ دروست كردبوون تا ئەگەر تەیارە هات ڕابكەنە ناو كونەكان و زیانیان پێنەگات. ساڵی 67- 68 خوێندنگەیەكیشمان لە سەران كردەوە، كە زۆر سەركەوتوو بوو. ڕاپۆرتەكەمان نارد بۆ مەكتەبی سیاسی و، مەكتەبی سیاسی نووسراوەكەی ئێمەی بۆ لق و هێزەكان نارد و داوای لێكردن خوێندنگە بكەنەوە و، بە ئێمەشیان ڕاگەیاند كە مەسرەفی خوێندنگەكانتان دەدەینەوە. بە دوای ئەوەدا بەشی پەروەردە و زانیارییان دانا كە كاك محەمەد ئیسماعیل كرا بە بەڕێوەبەری گشتی خوێندنگەكانی كوردستان و، سەرئەنجام 600- 700 خوێندنگەمان هەبوو لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلوولدا. خوێندنگەكان تێكەڵاوبوون، بەڵام لە هەندێك جێدا داوایان دەكرد كە كچ و كوڕەكان بە جودا بخوێنن كە خوێندنگەی كچان و كوڕانمان بۆ كردنەوە. لە هەندێك گونددا سێ جۆر قوتابخانە هەبوو و شەوانەش بە گەورە ساڵان وانە دەگوتراوە. بەگشتی لە ماوەی سێ ساڵاندا شۆڕشێكی ڕۆشنبیری لە كوردستان بەڕێوەچوو و ژمارەیەكی زۆر فێری خوێندن و نووسینی زمانی كوردی بوون.
دوای ڕێككەتنی 11ی ئازاری 1970، بارەگای لقی دوو لە هیرانەوە گواستراوەتەوە بۆ هەولێر و مەلا محەمەد، هاوكات لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەركی كارگێڕی لق، وەك خۆی دەڵێت، بۆ ماوەی دوو مانگ لە پێوەندیی لەگەڵ دەزگاكانی حكوومەتی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەرایەتی سەرۆك مستەفا بارزانی كردووە. لە كۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتدا، كە ڕۆژی 1/7/1970، بە ئامادەبوونی 488 ئەندامی نوێنەر لە ناوپردان پێكهات، ناوبراو بە ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە. ساڵی 1972 ئەندامی ئەنجوومەنی هاوبەندیی و ئاشتی بووە و، لەگەڵ چەند ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە چووەتە یەكێتیی سۆڤیەت و، لەو بارەیەوە دەڵێت: ساڵح یوسفی سكرتێر، عەزیز شەریف جێگر و منیش ئەندامی ئەنجوومەنی هاوبەندی و ئاشتی بووم. ئێمە بە بۆنەی 50 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزرانی یەكێتیی سۆڤیەدا چووین بۆ مۆسكۆ. لە تاشكەند كۆنگرەیەكی گەورەیان پێكهێنا، كە پێنج هەزار كەس تێیدا بەشداربوو. لەو كۆنگرەیەدا من وتارێكم لەسەر بارودۆخ و كێشەی گەلی كورد خوێندەوە.
ساڵی1973،عەزیز ئاكرەیی، هاشم ئاكرەیی و ئیسماعیل مەلا عەزیز، سێ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بە ناوی دروستكردنی حزب، خۆیان تەسلیمی حكوومەتی عێراق كردەوە. بە دەرچوونی ئەو سێ ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی، مەلا محەمەد جێی یەكێك لەو كەسانەی لە كۆمیتەی ناوەندیی پارتیدا پڕ كردوە و بووە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی هەولێر. ساڵی 4791، كە ڕژێمی عێراق بە دژی گەلی كورد شەڕی هەڵایساندەوە، بارەگای لقی دوو گواستراوەتەوە بۆ هێران و، مەلا محەمەد بەشداریی شەڕەكانی ناوچەی هیران و نازەنین، لە سكتان و كۆلكەڕەشیی كردووە. لە سەرەتای ساڵی 1975دا ئەركی بەرپرسایەتی لقی یەكی پارتی لە ناوچەی بادینان پێسپێردراوە. دوای ڕاوەستانی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ نزیكەی 30 كادیر و پێشمەرگە چووەتە گوندی بێمزورتە لە بناری كێلەشین و، وەك خۆی دەڵێت، كوێخای گوندەكە ئەوانی بە پاسگای نەڵیوان ناساندووە و لەوێ بە هەڵە ئەویان بە جێگەی مەلا عەبدوڵا حەسەنزادە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گرتووە و، دواتر بە ڕاسپاردەی ئیدریس بارزانی ئازادیان كردووە. دوای ئازادبوونی، سەرەتا لە شنۆ و دواتر لە مهاباد بووە و، ساڵی 1976 گواستراوەتەوە بۆ عەزیمیەی كەرەج.
دوای ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی پارتی دیموكرات و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان لە ساڵی 1976دا، مەلا محەمەد هاوكاریی كاك ئیدریس بارزانی كردووە لە ڕەوانەكردنەوەی كادیر و پێشمەرگەكان بۆ باشووری كوردستان. یەكێك بووە لە بەشدارانی كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكرات، كە ڕۆژی 4/10/1979 لە گوندی دەربەند لە ناوچەی مەرگەوەڕ لە پارێزگای ورمێ پێكهات و، لەو كۆنگرەیەدا بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردراوە. دوای كۆنگرەی نۆیەم، ئەركی بەرپرسایەتی لقی چواری سلێمانی پێسپێردراوە و، ساڵی 1980 لەگەڵ ڕئیس حەسەن، ئازاد بەرواری، یوسف رۆژبەیانی، قادر قادر، عەریف دەروێش، چووەتە شاری زوهاب و دواتر لە ئەزگەلەوە كاروباری لقی چواری بەڕێوەبردووە. ئەوە لە كاتێكدا بوو كە بە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئێران و عێراقدا، ڕژێمی عێراق بەشێك لە ناوچەكانی باشووری كوردستانی بەجێهێشتبوو و پێشمەرگەكان ناوچەیەكی بەرینتریان بۆ جەولە و شەڕ بە دژی سوپای عێراق بە دەستەوە بوو.
ساڵی 1981، مەلا محەمەد گەڕاوەتەوە بۆ زێوە و، وەك خۆی دەڵێت، لەوێوە بە هێزێكی 300- 400 كەسیی، ڕەوانەی ناوچەی خۆشناوەتی و دۆڵی بالیسان كراوە. ساڵی 1984 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی ڕێكخستن لە ڕاژان، كە عەلی عەبدوڵا سكرتێری بووە. ساڵی 1987، هاوكات لەگەڵ ئەندام بوونی لە مەكتەبی سیاسییدا، كراوە بە بەرپرسی لقی دووی پارتی و لەگەڵ دوو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بەناوەكانی نەجمەدین یوسفی و خورشید شێرە، لە ناوچەی بادینان بووە. لە مانگی دووەمی ئەو ساڵەدا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی چووەتە ئوتریش نەمسا و دوای سێ مانگ، لە مانگی پێنجەمەدا گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان. لەم بارەیەوە دەڵێت: كاتی بۆمبارانی كیمیایی شێخ وەسان لە 16/4/1987دا، من لە ڤیەن بووم و لەگەڵ كوردەكانی ئەو شارە چووین لەبەر دەرگای ڕێكخراوەی نەتەوەیەكگرتووەكان مانمان گرت.
دوای پێكهاتنی بەرەی كوردستانی لە نێوان پارتی، یەكێتی و ڕێكخراوەكانی تری كوردستاندا لە 2/5/1987، مەلا محەمەد گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان. ناوبراو بەشداربووە لە كۆنگرەی دەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كە ڕۆژی 2/12/1989 لە گوندی هاشم ئاوە لە ناوچەی مەرگەوەڕ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا پێكهات. یەكێكیش بووە لە بەرپرسانی بەشدار لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری كوردستاندا و، لەم بارەیەوە دەڵێت: لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا من بەرپرسی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارێزگای هەولێر بووم و عەبدولموهەیمن بارزانی، خورشید شێرە، عومەر عوسمان، هاوكارم بوون. نێچیرڤان بارزانی، بەرپرسی ناوچەكانی سەر بە پارێزگاكانی سلێمانی و كەركووك بوو، قادر قادر و نادر هەورامی هاوكارییان دەكرد. زەعیم عەلیش بەرپرسی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارێزگای دهۆك بوو.
مەلا محەمەد باس لە دژە هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كوردستان و كۆچڕەوە گەورەكەی ساڵی 1991 دەكات و، لەم بارەیەوە دەڵێت: سوپای عێراق هێشتا نەگەیشتبووە هەولێر كە خەڵك بەتێكڕا دەرچوون. ڕژێم بە فڕۆكە و هێلیكۆپتەر بۆمبارانی خەڵكەكەی دەكرد و بە دەیان ئوتۆمبیلی تێكشاند. دواتر برادەرێك بەناوی محەمەد محیەدین، جێگری پارێزگای هەولێر، كە لەگەڵ حكوومەت بوو، بۆی گێڕامەوە زیاتر لە هەزار تەرمی كوژراویان كۆكردوەتەوە.
دوای شكانی سوپای عێراق لە شەڕی كۆڕێ و دەستپێكردنی وتووێژ لەنێوان بەرەی كوردستانی و حكوومەتی عێراقدا، هێزەكانی پێشمەرگە و ئۆرگانەكانی حزبەكان گەڕانەوە بۆ شارەكان و مەلا محەمەد لە هەڵبژاردنی ڕۆژی 19/5/1992دا بە نوێنەرایەتی دانیشتوانی هەولێر، لەسەر لیستی زەرد بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا و دواتر پۆستی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی كوردستانی پێدرا و، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە كابینەی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی كوردستان بوو.
لە كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتدا كە ڕۆژی 6-14/10/1999 لە هەولێر پێكهات، سەرلەنوێ بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردرا و هاوكات پۆستی بەرپرسایەتی لقی یەكی بادینانیان داوەتێ. لە مانگی سێیەمی ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری و پشكنین. ناوبراو دەستی نووسینی هەبوو و هەتا ئێستا چەند كتێبی بڵاوكردووەتەوە كە یەكێك لەوان كورتەیەك لە بیرەوەرییەكانییەتی لەژێر ناوی “سەربردە” كە ساڵی 2009 لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاویكردووەتەوە. مەلا محەمەد بە هۆی خزمەتەكانی بە كورد و كوردستان و ڕێبازی بارزانی، ڕۆژی 16/8/1996 لە یوبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتدا میدالیای بارزانی وەرگرت و، لەمبارەیەوە پێیگوتم: بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵم بووم. لە ڕاستیدا من بەر لە گەڕانەوەی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت، ئەوم لە خەودا بینی كە لەگەڵ حەوت پێشمەرگە بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتییەوە میوانم بوو. گوتی: هاتووم سەردانت بكەم. لە بەرانبەریدا خۆشحاڵیی خۆم دەبڕی. بە دوای ئەو خەونەمدا زۆری نەخایاند كە بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراق. من عاشقی كوردایەتیی بارزانی بووم و، وەرگرتنی میدالیای بارزانی بۆ من جێی سەربەرزییە. رۆحی شاد بمێنێت.