هەواڵی کوردستان ئێستا

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فنله‌ندا ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فنله‌ندا ده‌كات
نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فنله‌ندا ده‌كات

2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه‌كانی فنله‌ندای كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر هه‌ر ماون، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمی كوردستان ناخوازێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان و هه‌وڵ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیریی عێراق ده‌دات.

له‌ دیدارێكدا سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16/1/2020 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فیسا هاكینین باڵیۆزی فنله‌ندا له‌ عێراق، پیرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ باڵیۆزی فنله‌ندا كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كاری نوێیدا و جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فنله‌ندا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز هاكینین باسی سه‌ردانی خۆی بۆ هێزه‌كانی فلنه‌ندا وه‌ك به‌شێك له‌ هێزی هاوپه‌یمانیی دژی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و به‌رده‌وامیی هاوكاریی وڵاته‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یماندا بۆ یارمه‌تیدانی سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ڕووی مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه.

تاوتوێكردنی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی عێراق، جێبه‌جێكردنی داوای خۆپیشانده‌ران، هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان ‌بە دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، ڕه‌وشی ئابووری و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هه‌یه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی بیانی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.