هەواڵی کوردستان ئێستا

"نووسراوی لیژنەی نەزاهە، كاریگەری لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان نییە"

"نووسراوی لیژنەی نەزاهە، كاریگەری لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان نییە"

2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- دەستەی نەزاهەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێكیان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە، كە گوایە هەرێمی كوردستان پارە و داهاتی بۆ بەغدا نەناردووە و نابێت لە عێراقەوە پشكی بۆ بنێردرێت، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، ئەم نووسراوە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ناردنی ئەو بڕەپارەیەی نییە كە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نووسراوەكەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پشكی هەرێم و ناردنی ئەو بڕەپارەیە نییە كە دەنێردرێتە هەرێمی كوردستان و كێشە بۆ پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2020 دروست ناكات، چونكە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 نەنێردراوەتە پەرلەمان، لە ئێستاشدا حكوومەت كاربەڕێكەرە لە عێراق."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "ڕێككەوتنێك لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت بە وردەكارییەكانیەوە، كە ئەوانیش حەقدەستی كۆمپانیاكان بدەن و لە بەرانبەردا كوردستان 250هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بكات، بەڵام تاكوو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق  نەنێردرێتە پەرلەمان، وەڵامی هیچ نووسراوێك نادرێتەوە".

ناوبراو دەشڵێ: "بۆ ساڵی 2020 تا ئێستا یاسای بودجە نییە، بۆیە بە گوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی، لەسەر بودجەی 2019 و بە پشكی یەك لەسەر دوانزە، حكوومەتی عێراق كارەكانی ڕایی دەكات بە پشكی هەرێمی كوردستانیشەوە."

 

فایزە كۆیی